هەولێر

کورد و گۆڕەپانی تەحریر

بیروڕا-هیوا سەید سەلیم

گردبوونەوە و ناڕەزیەکانی چین و توێژەکانی بەغدا و شارەکانی دیکەی خوارووی عێراق بۆ چەندین مانگ دەچێت بەردەوامیان هەیە، درووشەمەکان لە چاکسازیەوە گۆڕاون بۆ ریفۆرمی سیاسی، کە خۆیان لە هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و هەمواری دەستوور و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبینەوە.
هەموو لایەک دەزانین کە بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و حوکمی تائیفی و نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست، هۆکاری هەرە سەرەکی سەرهەڵدانی ناڕەزاییەکانن، کە لە بەغدا سەریانهەڵداو دواتریش زۆربەی پارێزگاکانی شیعەنیشینی گرتەوە، لەبەرامبەر ئەو شەپۆڵەی ناڕەزاییەکاندا سەرەتا هەوڵدرا لە لایەن حکوومەتەوە بە شیوازێکی سەربازیانەوە بە پەنابردنە بەر توندوتیژی کۆتایی بە گردبوونەوەکان بهیندرێت، خۆپیشاندەران لێییان کوژرا، بە هەزارانیان خرانە زیندان، وەلێ نەتوانرا بڵاوەیان پێ بکرێت و کۆتایی بە خۆپیشاندەکان بهێندرێت.
دوایی شکستی رێگاچارەی سەربازی لە کۆتایهێنانن بە خۆپیشاندانەکان، ئەمجارەیان وای لە دەسەڵاتداران کرد لە رێگای بەڵێندان بە چاکسازی کردن کۆتایی بێنن بەوە قەیرانە گەورەیە، وەلێ هەموو ئەو بەڵێنانەی کە کابینەی عادل عەبدولمەهدی بە خۆپیشاندەرانی دا، نەیتوانی لە ناڕەزایەکانی چین و توێژەکانی عێراق کەم بکاتەوە،تا کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بینین.
سەرەنجام عەبدولمەهدی، وەک سەرۆک وەزیان دەستی لە کارکێشایەوە، بەڵام وەک دەبینرێت خۆپیشاندانەکان درێژەیان هەیە، ئەوی لەو نێوەندە تێماوە و وەک پێویست ناتوانێت هەڵوێست وەرگرێت حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بەشێوەیەک کە کەوتۆتە نێوانی کوتک و سندانی، شەپۆڵی ناڕەزایەکانی خەلک و دەسەڵاتدارانی عێراق.
حکومەتی هەڕێم لە دەستپێکدا لەگەڵ مانەوەی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی بوو، وە شەرمنانەش پشتیوانی لە پەیامی خۆپیشاندەران دەکرد، واتا خورمژی دەویست، بەڵام ڕاگرتنی باڵانس لە نێو ئەو دووانە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاسان نەبوو، رەوایەتی دان بە داخوازیەکانی خۆپیشاندەران و پشتیوانی لە مانەوەی کابینە وەزاریەکە سیاسەتێکی دیماگۆجیانە بوو لە لایەن هەرێمەوە کاری پێدەکرا.
لە ئێستاشدا ئەوی کە دەبێت هەرێمی کوردستان بە تایبەت دەسەڵاتدارنی هەرێم لە گۆڕەپانی تەحریر ئەزموونی لەبارەیەوە وەرگرێت، ئەوەیە کە گەندەڵی و نادادی دوو پەتایی مەترسیدارن، بە جۆرێک لە جۆرەکان لە هەرێمی کوردستانیش بوونیان هەیە، زۆر یان کەم لیرەش خەڵکی لەو دیاردە قێزەوەنانە ناڕازین، بۆیە تا ئەزموونی گۆڕەپانی تەحریر نەگواستراوەتەوە هەریمی کوردستان، دەبێت هەنگاوەکانی ڕێگری لە دیاردەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان بە کرداری کاری بۆ بکڕێت، دابینکردنی مووچە لە کاتی خۆیی و گێڕانەوەی مووچەی پاشەکەوتکراو دوو پرسی گرنگن، کە زامنی ئەوە دەکەن ئەزموونی گۆرەپانی تەحریر نەگواسترێتەوە هەرێمی کوردستان.
لە کۆتاییدا دەڵێین خۆپیشاندانەکانی گۆڕەپانی تەحریر و مەیدانەکانی دیکەی شارەکانی عێراق، بە هەموو ئەو رەخنانەی لێیاندەگیرێت، کە بەشی هەر زۆریان بریتیە لە دەستی دەرەکی بۆ ناشیرینکردنی سیمای جوانی ناڕەزاییەکان، بەڵام دەکرێت وەک خەباتێکی مەدەنیانە لەبەرامبەر دیاردەی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاریەکان و دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری عێراق سەیربکرێن، بەبێ جارەسەری ئەو پرسانە نە عێراق سەقامگیری بۆ دەگەڕێتەوە، بگرە هێندی دیکە ناوچەکە ئاڵۆز دەکات، لە سۆنگەی ئەو راستیانەش دەبێت دەسەلاتدارانی هەرێمی کوردستان هەڵویست وەرگرن، نەک هەمیشە بیر لە بەرژەوەندیەکانیان بکەنەوە.