هەولێر

 پیرەپیاوێکى ئەفغانى و کچەکانى  ئەویان کردووە بە پاڵەوان

نیشتمان-وه‌رگێران-یاسن خدر
 
لە ڕۆژانى ڕابردوودا وێنەى پیرەپیاوێک لە ویلایەتى پەکتیکا(Paktika) لە باشوورى ڕۆژهەڵاتى ئەفغانستان بڵاویۆیه‌وه‌ کە ڕۆژانە ١٢ کیلۆمەتر بەپێ دەبرێت تا کچەکانى بگەیەنێتە قوتابخانەکەیان، ئه‌مه‌ش بووەتە جێى هەواڵى میدیا وڕاگەیاندنەکان. ئەو چه‌ندین كاژمێر لە پشت دەرگاى خوێندنگاى کچەکانی چاوەڕێ دەکات تا وانەکانیان تەواو ببێت و بیانگەڕێنێتەوە ماڵه‌وه‌.
 
بەڵێ “میاخان” پیرەپیاوێکە کە ٦٣سال تەمەنیەتى، ڕۆژانە لە ماڵەوە تا خوێندنگا کە ١٢کیلۆمەتر مەوداى لەگەڵ ماڵەوەیدا هەیە، بە پیادە هاوڕێیەتی کچەکانى دەکات. ئەو بۆ ئەوەى کچەکانى لە کۆمەڵگای نەریتى و تەقلیدى ویلایەتى پەکتیکا لە ڕۆژهەڵاتى ئەفغانستان دەرس بخوێنن، مەجبوورە کە ڕۆژانە ئەم ٢٤ کیلۆمەتر ڕێگایە ببڕێت.
 
کەناڵىbbc بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە چیرۆکی ئەم پیاوە بەساڵاچووە، سەردانی مەیدانی كردووە، کە ڕۆژانى ڕابردوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى ئەفغانستان بووەتە پاڵەوانى وڵاتەکەی. ئەو چەند ساڵێکە نەخۆشی دڵى هەیە و حەز دەکات کچەکانى لەداهاتودا ببنە پزیشک.
 
لەگەڵ ئەمانەشدا میاخان ساڵانێکى زۆر ئاژەڵدارى کردووە و وژیانى کۆچەریانەى لەم شوێن بۆ ئەو شوێن بووە و وارگەى گواستووەتەوە، بەڵام لە پاڵ ئەمانەشدا حەزى ئەو بە فێرکردنى منداڵە خوێندکارەکانى وایکردووە ژیانى کۆچبەری واز لێبێنێت و بەرەو گوندێک لە دەوروبەرى شاری شەرنە لە سەنتەرى ویلایەتى پەکتیکا بچێت.
 
بەهەرحاڵ میاخان فێرکردنى منداڵە قوتابیەکانى دەبێتە جێی بایەخى و وایی لێدەکات کە لە شیرنە مال و زەوییەک بکرێت، بۆ ئەوى کە هیچ نەبێت کچەکانى بخوێنن و خۆیشی لەوێدا پیشەى جوتیاری هەڵدەبژێرێت.
 
ئەو دوورى ئەم ١٢ کێلومەترییەى خوێندنگا وایی لەو کردووە، تاقانە خواستى لە حکومەتی وڵاتەکەی ئەوە بێت، کە قوتابخانەیەک بۆ ڕۆڵەکانى دروستبکەن تا هیچ نەبێت ئەوان لە خوێندن وفێربوون بێبەش نەبن.
 
ماڵە سادەو قوڕاوییە بێ حەوشەکەی میاخان، کە لە دەشتاییەکى وشک و بێ ئاو و دارو درەختدایە، هەموو ڕۆژێک بەدەنگى ئەو کە منداڵەکانى بۆخوێندنگا خەبەریان دەکاتەوەو ئامادەیان دەکات دەزرنگێتەوە.
 
میاخان وسێ کچەکەى کە منداڵانى بچووکى ماڵەوەن، بۆ گەیشتن بە قوتابخانە دەبێت لە درک وداڵی نزیکى ماڵەوەیان تێپەڕن.
“روزى” کە کچە گەورەى خێزانەکەیەو تا پۆلی حەوتى خوێندووە، دەڵێت: هەموو ڕۆژێک باوکى لە ماڵەوە بۆ قوتابخانەو بەپێچەوانەشەوە، هاوڕێیەتییان دەکات و تا کۆتایی وانەکانى ئەو ڕۆژە لە چاوەڕوانییاندا دەبێت.
ئەو هەروەها دەڵێت: لە باوکم زۆر ڕازیم، ئەو ئێمە تا قوتابخانە هاوڕێیەتى دەکات و لە چاوەروانیماندا دەبێت، تا کاتى وانەکانمان بەکۆتا دەگات.
 
لە ماڵى ئێمە کەس دەرسی نەخویندووە، تەنها ئیمەین کە بۆ قوتابخانە دەچین، لە قوتابخانە ئاوى خواردنەوەمان نییە، ئاودەستێکى ڕێکوپێکى نییە وبەلوعەى ئاوەکانیشمان خراپەو ئاو لە میوانخانەکان بۆ خۆمان دێنین.
 
ئەم سێ کچە لە کۆتایی تاقیکردنەوەکانى کۆتایی ساڵ و کاتى ڕاگەیاندنى ئەنجامەکان و وەرگرتنەوەیان جلوبەرگى جوان لەبەر دەکەن و هەوڵدەدەن زوو بگەنە قوتابخانەکەیان. بەڵام باوکى لەمڕۆژە تایبەتەدا بڕیاریداوە، لە جێى چەند کاتژمێرێک بە پیادە ڕۆیشتن، ئەوان بەماتۆڕێکى نەفەرهەڵگر بگەیەنێت.
ئیتر لەمڕووەیە کە دانیشتوانى ناوچەکە کە بینەرى ئەم شێوازە ژیانەى میاخان وکچەکانى ئەون، ئەو بە (پاڵەوان) وەسف وناوزەن دەکەن.
 
ئەو شۆفێرەى کە باوک و سێ کچەکەى گەیاندووە، دەڵێت: ئەو قارەمانێکە، هەرکات لە نێوەندى ڕێگا من ئەوان دەبینم، بە خۆڕایی سەریان دەخەم و دەیانگەیەنم.
تامەزرۆیی ئەم باوکە بۆ فێربوونى کچەکانى وای کردووە، کە کچەکانى ئەم ماڵە کۆچەرییە، هێدى هێدى بە هیواکانیان بگەن. لەمبارەشەوە ڕۆزى کچى دەڵێت، بۆ داهاتووى ژیانى پلان وبەرنامەی زۆری داڕشتووە.
 
بە گووتەى میاخانی باوک، کاتێک کە دوچارى نەخۆشی دڵ بووم و گواسترامەوە بۆ نەخۆشخانە، بڕیاری ئەوەمدا کچەکانم حەتمەن دەبێت دەرس بخوێنن وفێرببن.
 
کچەکەى دەلێت: دەمان هه‌وێت لە داهاتوو ببینە پزیشک و خزمەتى وڵاتمان بکەین، چونکە لیرەدا دکتۆر نییە. داوامان لە حکومەت ئەوەیە مەکتەبمان بۆ دروستبکات. باوکمان وا ڕیشی سپی بووە و ناتوانێت بەم دۆخەوە چیدی ئێمە هاوڕێیەتى تا مەکتەب بکات. بەدروستکردنى مەکتەب کێشەکانى ئێمە چارەسەر دەبێت. لە گوندەکەى ئێمە کچانێکى تر هەن کە بەهۆی ئەم کێشانەوە ناتوانن بخوێنن و گەر مەکتەبمان بۆ دروست بکرێت، هەموومان پێکەوە دەخوێنین.
 
پاش سەرکەوتنى کچەکانى لە تاقیکردنەوەکانى ساڵانە، بانگهێشتى میاخان دەکرێت تا بۆ بەشداربووانى مەڕاسیمەکە بئاخفێت، بەڵام تامى شیرینى سەرکەوتنى کچەکانى هەستى ئەو وا دەگۆڕێت، ناتونێت هیچ قسەیەک بێنێتە گۆو، جگە لەوەى سوپاسی ئامادەبووانبۆ ڕێزگرتن لێی دەکات.
 
میاخان دەشڵێت، هەندێکجار کوڕەکانى، سێ خوشکەکەیان بە ماتۆڕی نەفەرهەڵگر بەقوتابخانە دەگەیەنا، بەڵام بەشی زۆری ئەمکارە خۆی بە پیادەڕۆیشتن لەگەڵیاندا دەیکات.
 
دەشڵیت، دوو کچەکەم ڕوزى وسایرە، لە پۆلی حەوت دان. جەنەت-یش کە کچی سێیەممە، لە پۆلی پێنجدایە. ئاماژە بەوەشدەکات: لە ساڵی یەکەمی خوێندنیان ماتۆڕى نەفەرهەڵگرم گرتبوو تا ئەوان بگەیەنێت و کاتێک دەرسەکانیشیان تەواو دەبوو، لەگەڵیاندا دەگەڕامەوە.
 
میاخانى پیرەپیاو هەروەها لە نزیکى ماڵەوەیان بۆ کاتژمێرانێکى زۆر کارى کشتوکاڵی دەکات، بەڵام لەبارەى کچەکانییەوە دەلێت: برياڕم بۆ خوێندنى ئەوان یەکلاییەو تا ئەو کاتەى کە زیندووم و لە توانامدا هەیە، هاندەریان دەبم تا ببنە دکتۆر و خزمەتى خەڵکانیتر بکەن و خەیر بە کەسێک بکەن!! کە ئەمە هەموو ئاواتى منە.
 
میاخان هاوتاى کچەکانى کە دەخوێنن، مۆڵەتى بەخیزانەکەشی داوە تا لە سەنتەریکى دەرمانى ویلایەتى پەکتیکا کار بکات. ئەو دەڵێت: دوور و نزیک لەملاو ئەولا دەبیستم خەڵک لەگەڵ بڕیارەکانمدا نین ودژی ئەون
 
بەگشتى خوێندن وفێربوون بووەتە کێشەیەک لەم ناوچەیە، نەبوونى مامۆستاى ئافرەت بەتایبەت بووتە کێشەیەکى سەرەکى بۆ فێرکردنى کچان لەم ناوچەیەو بەگشتیش لە ویلایەتى پەکتیا ٥٤ مامۆستای ئافرەت هەیە.
 
لەم ویلایەتەدا تەنها دکتۆرێکى پسپۆڕی ئافرەتان هەیە. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا لەم ساڵانەى کۆتاییدا ژمارەیەکى زۆر پەرەستار و مامان زیاد بووە، کە بۆ نەخۆشییەکانى خانمان و دەرمانکردنیان هێشتاکە بە پێى پێویست نین.