هەولێر

جینۆسایدی ئەرمەنەکان و هەڵوێستی ترەمپ

بیروڕا-هیوا سەید سەلیم
بریاری بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان کە ساڵی ١٩١٥ لە لایەن دەوڵەتی عوسمانی ئەنجامدراوە، لە لایەن کۆنگرسی ئەمەریکا بە هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران، بە فەرمی وەک جینۆساید ناسیندرا.
ئەو بڕیارەی کۆنگرس سەرۆکی ئەمەریکا دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتێکی گەورە، بەوەی دەبێت دواجار سەرۆک هەڵویستی خۆی لەبەرامبەر ئەو یاسایە رابگەیەنێت، ئەویش بەوەی قەبوولی بکات یان رەتی بکەتەوە.
دەستووری ئەمەریکا لە زنجیرەی حەوتی ماددەی یەکیدا، بە روونی رێوشوێنی دەرچوونی یاسایی لە کۆنگرس شیکردۆتەوە، ئەویش بەوەی دوای ئەوەی یاسا لە کۆنگرس دەردەچێت، دە رۆژ لەبەردەم سەرۆکی ئەمەریکا دایە، تا واژۆی لەسەر بکات یان رەتیبکاتەوە، لە نێو ئەو دە رۆژەدا رۆژی یەکشەمە کە پشووی فەرمیە هەژمار ناکرێت، واتا دوای ئەوەی لە رۆژی ١٢/١٢/٢٠١٩ ئەنجوومەنی پیران جینۆسایدی ئەرمەنەکانی بە فەرمی ناسی، دەبێت سەرۆک ترەمپ لە ماوەی دە رۆژدا ، هەڵویستی خۆی لەسەر بریارەی کۆنگرس دەرببڕێت.
بەپێ دەستوری ئەمەریکا کە لە ساڵی ١٧٨٩ دەرچووە، وە جەندین جار هەموارکراوەتەوە، سەرۆکی ئەمەریکا بۆی هەیە ڤیتۆی هەر یاسایەک بکات کە لە لایەن کۆنگرس دەرچووبێت، جگە لە بریاری هەمواری ماددە دەستووریەکان، لە میژووی ئەمەریکا سەرۆک ٢٥٧٢ جار ڤیتۆی بڕیارەکانی کۆنگرسی کردووە، یەکەمین سەرۆک کە ساڵی ١٧٩٢ پەنای بردۆتە بەر ڤیتۆ جۆرج واشنتۆن بووە ، دوا سەرۆکیش ترەمپ ڤیتۆی بڕیارێکی کۆنگرسی کرد، سەبارەت بە راگرتنی پشتیوانی سەربازی بۆ سعودیە لە شەڕی یەمەن، بەڵام ڤیتۆکەی لە لایەن کۆنگرس بەتاڵکرایەوە.
ئەرکی ترەمپ لە بەرامبەر رەتکردنەوەی بریاری بە جینۆسید ناساندنی کۆمڵکوژی ئەرمەنەکان ئاسان نابیت ئەویش لەبەر ئەم هۆکارانە:
– بڕیارەکە لە نێو ئەنجوومەنی نوێنەران کۆدەنگی زۆری لەگەڵ بووە، بە شێوەیەک کە لە کۆی ٤٣٥ ئەندامی ئەو ئەنجوومەنە، ٤٠٥ دەنگ لە بەرژەوەندی ناساندنی تاوانەکە وەک جینۆساید دەنگیان داوە، لە نێو ئەو ئەندامانەی کە دەنگیان بۆ بڕیارەکە داوە ٢٢٦ ئەندامی دیموکراتەکان و ١٧٨ ئەندامی کۆماری ١ ئەندامیش بێ لایەنی ناو ئەنجوومەن بووە، ١٣ کەس لە دژی ئەو بریارە دەنگیان داوە کە دابەش بوونە بەسەر ٦ دیموکرات و ٧ کۆماری.
– بە هەمان شێوەی ئەنجوومەنی نوینەران، ١٠٠ ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پیران کە دەمێکە بە پرسی لێپێچینەوە لە سەرۆک ترەمپ سەرقاڵە، بەڵام ئەو بابەتە نەبۆتە هۆکاری ترازانی ئەنجوومەنی پیران، بگرە ئەوانیش وەک ئەنجوومەنی نوێنەران لە ١٢/١٢/٢٠١٩ بە تێکڕای دەنگی کۆمەڵکووژی ئەرمەنەکانیان بە جینۆساید ناساند.
ئاماری دەنگدانەکانی ئەو دواییەی ناو ئەنجوومەنەکانی کۆنگرس، تایبەت بە دژایەتی سیاسەتەکانی تورکیا ئەوەمان پێدەلێت کە تورکیا وڵاتێکی خاوەن دۆست و پشتیوانی کەمە، لۆبی تورکی تا دێت لە ئاستی ئەمەریکا پاشەکشە دەکات، بۆیە ئەرکی ترەمپ لە بەهانا هاتنی تورکیا و دۆستەکەی ئەردۆغان ئاسان نیە، خۆ ئەگەر ترەمپ ڤیتۆی بڕیارەکەی کرد و رێزی لە دەنگی زۆرینە رەهاکەی ناو کۆنگرس نەگرت، وە بەرژەوەندیە ئابووریەکانی لەگەڵ ئەردۆغان کردە پێوەری بژاردەی ڤیتۆ، ئەوسا دەبێت کۆنگرس بە دەنگی یەک لەسەر سێی ئەندامان ڤیتۆکەی سەرۆک بەتاڵ بکاتەوە، ئەمەشیان پیشبینی کراوە چونکە لەلایەک تەرمپ نایەوێت دەستبەرداری ئەردۆغان بێت و لە بەرامبەریشدا کۆنگرس نابێت پشت بکاتە بڕیارێکی وەها گرنگ.