هەولێر

كۆنترین مرۆڤی مۆمیاكراو له‌ میسر نییه‌

نیشتمان – تۆڕی هه‌واڵ

لوقمان غه‌فور – نیویۆرك تایمز – 25 دیسێمبه‌ری 2019

خه‌لكی چینشۆری كه‌ نزیكه‌ی 7000 ساڵ پێش زاین له‌ نزیك كه‌نار كه‌نداوه‌كان له‌ بیابانی ئاتاكاما له‌ چیلی ژیاون، گه‌شه‌یان به‌ ته‌كنیكی مۆمیاكردن داوه‌ نزیك 5000 ساڵ پێش زاین. كه‌ ئه‌میش 2000 ساڵ پێش میسرییه‌ كۆنه‌كان بووه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌كاتێكدا میسرییه‌ كۆنه‌كان شارستانییه‌تێكی ده‌گمه‌نیان به‌كارهێناوه‌ له‌ مۆمیاكردنی چینێكی فیرعه‌ونه‌كان، به‌ڵام چینشۆرییه‌كان له‌رێگه‌ی سیرامیكه‌وه‌ راوچییه‌كانیان مۆمیاكردووه‌ که‌ په‌یڕه‌وكردنێكی زیاتری یه‌كسانییه‌ بۆ رێزگرتن له‌ مردن. ئه‌مه‌ش بووه‌ ده‌ستنیشانكردنی یه‌كه‌مین مرۆڤ به‌مۆمیاكراوی له‌ شوێنێكی پێشبینی نه‌كراودا كه‌ شوێنێكی وشكانییه‌ له‌سه‌ر زه‌وی.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌تا له‌ناوخۆی چیلی ئه‌مه‌ به‌ نائاشكرایی ماوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام وڵاته‌كه‌ به‌ ئومێده‌ له‌ كۆتایدا یونسكۆ له‌ سه‌ر پێگه‌ی شوێنه‌واری جیهانیدا شوێنی بكاته‌وه‌ (له‌دوای دۆزینه‌وه‌ی مۆمیاكراوه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی كاتی تۆماركراون) كه‌ ده‌شێت دواجار ئه‌م مۆمیاكراوانه‌ جێگه‌یه‌كی شایسته‌یان لە پێگەکەدا به‌ركه‌وێت.

ناوچه‌یه‌كی چه‌په‌ك كه‌ تێگه‌یشتن لێی تا راده‌یه‌ك ئه‌سته‌نگه‌. دوو سه‌عات و نیو به‌ فرۆكه‌ له‌ سانتیاگۆ-ی پایته‌ختی چیلی-یه‌وه‌ ئه‌گه‌یته‌ شاری ئاریكا له‌و په‌ڕی باكوری چیلی. له‌وێوه‌ به‌ ئۆتۆمبێل دوای بڕینی 15 كیلۆمه‌تر له‌ دۆڵی ئازابا ده‌گه‌یته‌ مۆزه‌خانه‌ی سان مێگل-ی كه‌له‌پوری له‌ گوندی سان میگل له‌ ئازابا.

مۆزه‌خانه‌یه‌كی ساده‌ و ساكار كه‌ 300 جه‌سته‌ی مۆمیاكراوی تێدا دانراوه‌، كه‌ 10% یان خراونه‌تەڕوو له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ ئێستادا نه‌ له‌رووی شوێن و نه‌ له‌ڕووی ماددییه‌وه‌ بۆ مۆزه‌خانه‌كه‌ گونجاو نییه‌ لەوە زیاتر نمایش بکات.

ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرد له‌نێو مۆمیاكراوه‌كاندا منداڵ و كۆرپه‌ی تێدایه‌ كه‌ شوێنه‌وارناسان وایده‌بینن كه‌ هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی مردنی منداڵ و كۆرپه‌كان له‌و سه‌رده‌مه‌دا بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ده‌شته‌كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندبووه‌ به‌ مادده‌ی زرنیخ. هه‌روه‌ها به‌ پێنج جۆری جیاواز ته‌رمه‌كان مۆمیاكراون كه‌ خه‌ملێنراوه‌ به‌ 4000 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر.

مارییلا سانتۆس به‌رێوه‌به‌ری مۆزه‌خانه‌كه‌ بۆ رۆژنامه‌نووسه‌كان دواوه‌ و وتی:”جه‌سته‌كان به‌ مۆمیای ره‌ش و سور مۆمیاكراون”.
به‌ مۆمیای ره‌ش ته‌واوی جه‌سته‌كان داپۆشراون و پێستی جه‌سته‌كانی پێ سواخدراوه‌، هه‌رچی مۆمیای سوره‌ ئه‌ندامانی ناوه‌وه‌ی جه‌سته‌كه‌ی پێ مۆمیاكراوه‌ و له‌ناو جه‌سته‌كه‌دا پارێزراوه‌، تێكرای جه‌سته‌كه‌ش حه‌سیرێكی ته‌نكی تێوه‌پێچراوه‌ و به‌ قامیشێكی بارێكی گرێی دراوه‌.

كاتێك پرسیاریان له‌ سانتۆس كرد بۆچی شێوه‌ی مۆمیاكردنه‌كه‌ به‌شێوه‌ی هه‌مان بیرۆكه‌ی هه‌ڵگرتنی سه‌رده‌می میسرییه‌كانه‌؟ له‌ وه‌ڵامدا سانتۆس پێوابوو ده‌شێت له‌به‌رئه‌وه‌ی چیلییه‌كانیش به‌هایه‌كی باشیان به‌م شته‌ دانسقه‌یه‌ داوه‌.

پێشبینی ده‌كرێت كه‌ پێشنیاری چیلی بۆ پێگه‌ی كه‌له‌پوری جیهانی ده‌رباره‌ی (چینشۆری) به‌هاتنی 2020 له‌سه‌رده‌ستی یۆنسكۆ گۆڕانی گه‌وره‌ی تێدا بكرێت و ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه‌ ببێته‌ شوێنه‌وارێكی گرنگ تا له‌ جیهانه‌وه‌ سه‌ردانی بكه‌ن. له‌ هه‌مانكاتدا له‌ 2020 به‌شێكی گه‌وره‌ بكرێته‌وه‌ كه‌ توانای له‌خۆگرتنی 35%ی مۆمیاكراوه‌كانی هه‌بێت.