هەولێر

ڕوسیا ئامادەکارى ده‌كات بۆ خستنە بازاڕیی سیستەمى ئێس500

نیشتمان-ناوەندی هەواڵ

یاسین نادر

وەزارەتى بەرگریی روسیا ڕایگەیاند: کە لەسەرەتاى ساڵى نوێى (٢٠٢٠)ەوە دەستپیکى تاقیکردنەوەى سیستەمى ئێس500 دەخاتە بەرنامەى کارەکانییەوە. پێگەی سپۆتینگ-ڕوسى لەزارى ئەلێکسی کوندراتێڤ جیگری وەزیری بەرگریى ڕوسیا رایگەیاند، جگە لە دەستپێکى تاقیکردنەوەى سەرەتایی لەسەر سیستەمى ئێس 500 لە ساڵى داهاتوودا، وەجبەیەکی ئەم سیستەمە‌ لە ساڵی2025 دەخاتە بەردەست سوپای وڵاتەکەیەوە.

هەرچەندە پێشتر وا بڵاوکرایەوە، لەمانگى ئۆکتۆبەرى ڕابردوودا وڵاتى ڕوسیا ئەم سیستەمەى دژە موشەکییەی لە سوریادا تاقیکردووتەوە و دوچارى کێشەی تەکنیکى وشکست بووت، بەڵام بەرپرسانى ڕوسیا ئاوا بانگەشەیەکیان هەر زوو ڕەتکردەوە.

ئەم سیستەمە بەپێى زانیارییە سەربازییەکانى بەرپرسانى وەزارەتی بەرگریی ڕوسی، لە سیستەمى ئێس400 پێشکەوتووترە و دەتوانێت مەودای 600کیلۆمەتر ئامانج لەماوەى سێ تا چوار چرکەدا بپێکێت.

لەگەڵ ئەمەشانەشدا، موشەکى ئێس500 هەروەها دەتوانێت موشەکى کڕوز و کیشوەربڕ بە خێراییەکى لەڕادەوە شوێنپێ بگرێت.

کۆمپانیای ئەڵماز ئەنتى دروستکەرى ئەم سیستەمە دەڵێت، کە ئێس500 دەتوانێت مانگەدەستکردەکان خوارتر لە خولگەى زەوى بە ئامانج بگرێت. پائۆل سوزینۆف، بەرێوبەرى کۆمپانیای ئەڵماز ئەنتى لەبارەی سیستەمەکەوە دەڵێت: کە ئێس500 سەدمەیەکى گەورە لە شکۆى سەربازى ئەمریکا دەدات و تەواوى چەکە هێرشبەرەکانى ئەمریکا لەکار دەخات و لە هەموو لایەکەوە سیستەمە دژە ئاسمانى و بەرگرریە موشەکییەکانى ئەمریکا ڕەتدەکاتەوە.

پێشتر وەزارەتى پیشەسازى و بازرگانی ڕوسیا ڕایگەیاندبوو، ئەم سیستەمە ڕکابەرێکى باشی سیستەمەکانى ترەو باسی دروستکردنى چەند دانەیەک لەم سیستەمەى بۆ تاقیکردنەوە کردبوو.