هەولێر

کارلۆس غوسن، هەڵاتنێکى گوماناوى

نیشتمان-تۆڕی هه‌واڵ

جیهانی

رێبوار ئه‌وڕه‌حمان

بزنسمانێکى بەڕەچەڵەک لوبنانیە، ساڵى 1954 لە شارى پۆرتۆ فالیۆى بەرازیل لەدایکبووە، ئێستا سەرۆکى ئەنجومەنى بەڕێوەبردن و بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیاى (نیسان)ى یابانى و (ڕینۆ)ى فەرەنسیە، هاوکات سەرۆکى ئەنجومەنى بەڕێوەبردنى کۆمپانیاى (میسیۆبۆشى مۆتۆرز)ى یابانیە. لە حوزەیرانى 2013ەوە تا حوزەیرانى 2016 سەرۆکى ئەنجومەنى بەڕێوەبردنى کۆمپانیاى (ئافتۆفاز)ى رووسیى بووە بۆ دروستکردنى ئۆتۆمبێڵ. سەرەڕاى ئەمانەش، سەرۆکى ئەنجومەنى بەڕێوەبردنى هاوپەیمانێتى (رینۆ – نیسان)ە، کە هاوبەشییەکى ستراتیژیە لەنێوان کۆمپانیاى رینۆى فەرەنسى و نیسانى یابانى، ئەم هاوپەیمانێتیە کە هەردوو کۆمپانیاى ئافتۆفاز و میسۆبۆشیش لەخۆدەگرێت، لە ساڵى 2010ەوە توانیویەتى کۆنترۆڵى 10%ى بازاڕى جیهان بکات، ساڵى 2016ش بووە یەکێک لەگەورەترین گروپەکانى بەرهەمهێنانى ئۆتۆمبێل لەسەرانسەرى جیهاندا.
ساڵى 1990، عوسن توانیى گۆڕانکارییەکى گەورە لەکۆمپانیاى رینۆدا بکات و رێگە لەکەوتنى بگرێت، سەرەتاى ساڵى 2000یش کۆمپانیاى نیسانى یابانى لە ئیفلاسبوون رزگارکرد، بەمەش نازناوى (چارەسەرکردنى گرفتەکان)ى پێبەخشرا.
غوسن ئیدارەدانى چەند کۆمپانیایەکى ترى دروستکردنى ئۆتۆمبێلى بۆ پێشنیاز کراوە، بەڵام نەیکردووە، لەوانەش
(جەنەراڵ ماتۆرز GMC،و فۆرد). غوسن زۆرتر بەوە ناوبانگى دەرکردو کۆمپانیاکانیى گەیاندە لوتکەى داهێنان، کە بڕى 4 ملیار یۆرۆى بۆ هەردوو کۆمپانیاى رینۆو نیسان تەرخان کرد تا ئۆتۆمبێلێکى کارەبایى دروست بکەن کە دۆستى ژینگەیە، بەرهەمى ئەو بڕیارەش ئۆتۆمبێلى (نیسان لیف)ى کارەبایى بوو کە یەکەم ئۆتۆمبێلى کارەبایی بوو لەجیهاندا هیچ پاشماوەیەکى نەدەکردە سروشتەوە.


رۆژى 1ى نیسانى 2018 غوسن دەستى لەپۆستى بەڕێوەبەرى جیێبەجێکارى کۆمپانیاى نیسان کێشایەوە، بەڵام وەک سەرۆکى ئەنجومەنى بەڕێوەبردن مایەوە، رۆژى 19ى تشرینى دووەمى 2018 لەفڕۆکەخانەى هانیداى یابان بەتۆمەتى ئاگادار نەکردنى حکومەت لە قازانجەکانى و خراپ بەکارهێنانى پشکەکانى لەکۆمپانیاى نیسان دەستگیرکراو ماوەى 108 لەزیندان مایەوە، دواتر بەکەفالەتى نزیکەى 4 ملیۆن دۆلار و سەپاندنى چەند مەرجێکى توند لەوانەش مانەوەى بەناچارى لەیابان ئازادکرا.

کارلۆس غوسن لەلایەن حکومەتى یابانەوە چەند تۆمەتێکى ئاڕاستەکراوە، قورسترینیان (پارە پەیداکردن بەڕێگەى نامەشروع، گەندەڵى دارایى و بەکارهێنانى پشکەکانى لەنیسان، شاردنەوەى قازانجەکانى کۆمپانیاکەى و هاوپەیمانێتى رینۆ نیسان لەحکومەت).


رۆژى 30/12/2019 کارلۆس غوسن-ى خاوەنى رەگەزنامەکانى (بەرازیل، فەرەنسا، لوبنان) توانى بەشێوەیەکى سەرسوڕهێنەر لەیابان هەڵبێت و بگاتە بەیروتى پایتەختى لوبنان، تیمى پارێزەرەکانى رایانگەیاند بەبیستى هەواڵەکە تووشى شۆک بوون، چونکە هەر سێ پاسپۆرتەکەى غوسن لاى تیمى پارێزەرەکانێتى و ئەو هیچ بەڵگەنامەیەکى سەفەرى پێ نییەو تووشى سەرسوڕمان بوون کە چۆن رۆشتووە.
کارلۆس غوسنیش لاى خۆیەوە رایگەیاند کە ئەو لەدەست دادپەروەرى راینەکردووە، بەڵکو ئەوەى بەرامبەرى کراوە پیلانێک بووە لەلایەن داواکارى گشتیى و چەند بەرپرسێکى حکومیەوە لەکۆمپانیاى نیسان، بۆ لێسەندنەوەى هەموو پشکەکانى لەهاوپەیمانێتى رینۆ نیسان کە خۆى بونیادى ناوە.