هەولێر

لیبیا، خەونێکی دیکەی سوڵتان ئەردۆغان

بیروڕا-هیوا سەید سەلیم
رێکەوتنی ئەردۆغان و حکومەتەکەی ویفاق لە لیبیا کە فائیزسەراج سەرکردایەتی دەکات، سەبارەت بە دابەشکردنی سنووری رۆژهەلاتی دەریای ناوەڕاست، دوو ڕاستی گرنگ دەردەخات.

یەکەمیان ئەوەیە کە ئەردۆغان لە خەونی سوڵتانیانەی نەکەوتووە، بگرە خەریکە سنوور دەبەزێنێت و بەرەوە مەشرقی عەڕەبی بچێت، تا دەستوەردان لەو ناوچانەش بکات، کە رۆژگارێک دوا پێگەی دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی بووە، کە دوای دۆڕانیان لە جەنگی جیهانی یەکەم لە زۆرێک لەو ناوچانە پاشەکشەیان پێکرا.
دووەمیشیان بریتیە لەو کارتەی کە تورکیا بە بەردەوامی یاری پێدەکات دەکات، ئەویش کارتی گرووپە تیرۆرستیەکانی کە ساڵانێکە لە سوریای هاوسنوری کۆیکردوونەتەوە، جیهان بە گشتی و وڵاتانی ئەوڕپی بە تایبەت پێدەترسێنێت، وەک کارتی فشار بۆسەر ئەوروپا بەکاریان دێنێت تا خواستەکانی جێبەجێبکەن، بەتایبەت لە دابینکردنی کۆمەکی دارایی بەناویی هاوکاری پەنابەرانی سوریا گوایە لە تورکیا داڵدەدراون.

بەهاری عەڕەبی بۆ وڵاتێکی وەک لیبیا هاوشێوەی سوریا کارەساتی بەدوای خۆیهێنا، لەو وێرانەی کە رووی کردە ئەو وڵاتە، ئاوارە بوونی چەندین ملیۆن کەس لە دانیشتیوانی بۆ وڵاتانی دەوورووبەر، کوژرانی هەزاران لە خەڵکی سڤیل، ناسەقامگیری و سەرهەڵدانی چەندین رێکخراوی تیرۆرستی هاوشێوەی داعش و ئەوانی دیکە، هەموو ئەمانە بە کوشتنی موعەمەڕ قەزافی سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆتاییان نەهات بگرە خراپتربوون.
لیبیا دوای قەزافی کرایە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ناکۆکیە مێژوویەکان، وە دەستگرتن بەسەر دەرامەتە ئابووریەکانی لیبیا بە تایبەت نەوت و غاز کە لیبیا پێیان دەوڵەمەندە، بۆیەشە دەبینین لە لیبیای وێرانە زیاتر لە کاراکتەرێکی دەولی و ئیقلیمی و ناوخۆیی بڕیاردەدات.
ساڵی ٢٠١١ کاتێک باهۆزی شۆڕشی گەلان گەیشتە لیبیا، هەرزوو جلەوی شۆڕشەکە لەدەستی خەڵکی ئەو وڵاتە دەرهێندرا، ئەویش بەهۆی کاردانەوە دڕندانەکەی رژێمی قەزافی و دەستوەردانی دەرەکی ولاتان لە بارودۆخی لیبیا.
ئێستا کە هەشت ساڵ بەسەر رووداوەکانی لیبیا تێدەپەڕێت، خاکی ئەو وڵاتە بەسەر دوو بەرە لە هێزەکانی لیوا حەفتەر لەلایەک، کە لەلایەن هاوپەیامانی نێودەولەتی لە ئەمەریکا و روسیا و فەڕەنسا و بە پراکتیکیش لە لایەن ولاتانی میسر و ئیمارات پشتیوانی لێدەکرێت، وە بەرکەی دیکەش کە بە حکومەتی ویفاق ناسراوە، سیراج سەرکردایەتی دەکات و لەلایەن تورکیا و قەتەڕ پشتیوانی لێدەکەن.
دابەشبوونی لیبیا لە رووی سەربازی پشتیوانی دەرەکی بەسەر دوو بەرەو، رێکەوتنی بەرەیەکیان لەگەڵ تورکیا دۆخی لیبیا بەرەوە قۆناغێکی تازە دەبات کە چاوی جیهانی کەوتۆتە سەر، با بزانین کە تورکیا دوای ریکەوتنی لەگەڵ سەراج و وەرگرتنی بڕیاری پەرلەمانی وڵاتەکەی ئایا راستدەکات هێز بۆ لیبیا دەنێرێت؟ ئایا ئەو هێزە کامەیە کە تورکیا بۆ لیبیای دەنێریت؟

وێڕای هەموو ئەو رێوشوێنانەی کە تورکیا بۆ دەستوەردانی زیاتر لە دۆخی لیبیا وەریگرتووە، بەڵام وەک لە سەرەتا باس کرا، لە ئێستا تورکیا زیاتر هێندەی مەبەستیەتی یاری بە کارتی گروپە تیرۆرستیەکانی سەربەخۆی بکات، مەبەستی نیە هێزی سەربازی تورکیا ڕەوانەی لیبیا بکات، بگرە لەسەر ئەوە دەگیرسێتەوە کە کۆمەکی لۆجستی و سەربازی و چەند شارەزایەکی سەربازی بۆ پشتیوانی سەراج بنێرێت بەس، وەک چۆن لە سوریاش هەر ئەوەی کرد.
ئەمەشیان بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە، یەکەمیان پەیوەندی بە دۆخی ناوخۆی تورکیا هەیە، ئەویش بریتیە لەوەی کە بارودۆخی ناو تورکیا لەبار نیە بۆ کوژران و بە کووشتدانی سەربازی ئەو وڵاتە لەوڵاتێکی دوورە دەستی وەک لیبیا، بۆیە پەنا بۆ ناردنی هێزە تیرۆرستیەکان دەبات.
دووەمیش ئەویە کە گروپە تیرۆرستیەکان کە تورکیا پاڵپشتیان دەکات، لە سوریا لە ژێر فشاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و هێزەکانی روسیا دان، بۆیە دەبێت چارەنووسیان لە لایەن تورکیاوە یەکلابکرێتەوە، باشترین شوێنیش کە تورکیا ئەو هێزانەی بۆ بگوازێتەوە لە ئێستا لیبیایە.
تورکیا بە ئەنجامدانی ئەو کارە دەستی دەگاتەوە لیبیا ، بۆ ئەوەی درێژە بە هەڕەشەکانی بۆسەر ئەورپا بدات لە لێوارەکانی دەریا کە هاوسنوورە لەگەڵ فەرەنسا و ئیتاڵیا، وە ئەو گروپانەش لە سنووری وڵاتی میسر نزیک دەکاتەوە کە تورکیا لەگەڵی لە ناکۆکی بەردەوام دایە، بە تایبەت دوای لادانی سەرۆک ئیخوانەکەی میسر کە تورکیا پشتیوانی لێدەکرد.
لێرەوە تێدەگەین کە خەونی ئەردۆغان لە لیبیا، خەونێکی سوڵتانە چونکە دەمێکە ئەردۆغان وەک سوڵتانەکانی سەردەمی کۆنی دەوڵەتی عوسمانی بیردەکاتەوە، لە باڵادەستی و دەستوەردانە لەو وڵاتانە کە رۆژگارێک ژێردەستەی ئەوان بوونە، وە ئەو هەنگاوەشی شەڕعیەتدانە بە گەڕان بەدوای سەرچاوەکانی وزە لە لیبیا و دەریای ناوەڕاست.