هەولێر

هاوپەیمانێتیەکی نوێ بە سەرۆکایەتی سعودیە دادەمەزرێت

نیشتمان-ناوەندی ھەواڵ

لە ریازی پایتەختی سعودیە هاوپەیمانێتیەکی نوێ کە هەشت دەوڵەت تێیدا ئەندامن بە سەرۆکایەتی سعودیە دادەمەزرێت.

هاوپەیمانێتیەکە بە ناوی “ئەنجومەنی دەوڵەتانی سەر دەریای سور و کەنداوی عەدەن ” دادەمەزرێت.

ئەندامانی ئەم هاوپەیمانێتیە نوێیە عەرەبیە-ئەفریقیە بریتین لە هەریەک لە سعودیە، میسڕ، ئەردەن، سۆدان، یەمەن، ئەریتیریا، سۆماڵ و سعودیە سەرۆکایەتی هاوپەیمانێتیەکە دەکات.

فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی هەر هەشت دەوڵەتی ناو هاوپەیمانیە نوێیەکە رایگەیاند، بڕیاردراوە بارەی هاوپەیمانێتیەکە لە ریاز-ی پایتەختی سعودیە بێت.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا رایگەیاند، ئەمڕۆ لە ریازی پایتەختی سعودیە واژۆ لەسەر رێککەوتنی دامەزرانی هاوپەیمانێتیەکە کراو.

وتیشی، ” ناوچەکە بە بارودۆخێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت”

وەزیری دەرەوەی سعودیە جەختیشی لە گرنگی بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگی و هاوبەشی نێوان دەوڵەتان کردەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد سەرانی دەوڵەتانی ناو هاوپەیمانێتیەکە هەستیان بە گرنگی هاوکاری و هاوبەشی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسیەک کردووە.

جەختیشی لەوە کردەوە دەوڵەتانی ئەندامی هاوپەیمانیەکە خاوەنی توانای بەرگری لە خۆیانن.