هەولێر

كام عه‌قڵه‌یان شه‌ڕ ئه‌باته‌وه‌؟

 

بیروڕا-لوقمان غه‌فور

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا پاڵی به‌ئێرانه‌وه‌ ناوە بۆئه‌وه‌ی شه‌ڕ بكات، به‌ڵام تا ئێستا ئێران وڕوگێژی رووداوێكی پێشبینی نه‌كراوه‌ كه‌ ئه‌ویش كوشتنی كه‌سی دووه‌می ئێران (قاسم سوله‌یمانی به‌رپرسی سوپای قودس-ی سوپای پاسدارانه‌)، ئه‌مه‌ش رێك پێچه‌وانه‌ی چه‌ند مانگی رابردووی ساڵی 2019 یه‌، كه‌ ئێران ختووكه‌ی ئه‌مریكای ده‌دا بۆ شه‌ڕ.

ئه‌مریكا له‌ هه‌موو دەستدرێژییەکانی رابردووی ئێران-دا كه‌سی لێنه‌كوژرا تا دواهه‌مین هێرش رۆژی 27 دیسێمبه‌ری 2019 كرایه‌ سه‌ر سه‌ربازگه‌ی كه‌ی وه‌ن له‌كه‌ركوك و به‌ڵێنده‌رێكی ئه‌مریكی كوژرا. لای ئه‌مریكی شتێك زۆر گرنگه‌ پێی ئه‌ڵێن “Safety” كه‌ لای خۆمان به‌سه‌لامه‌تی ناسراوه‌. ئه‌مریكا له‌م بواره‌دا پێشه‌نگه‌، به‌هه‌زاران دۆلار سه‌رفده‌كات. کە ئەمەش نیشانه‌یه‌ بۆ به‌هه‌ندوه‌رگرتنی گیانی ئینسان.

ئێستا ئه‌م عه‌قڵه‌ی سەلامەتی بەلاوە گرنگە شه‌ڕ ده‌كات له‌گه‌ڵ عه‌قلێك كه‌ سێ رۆژه‌ ته‌رمی قاسم سوله‌یمانی دێنن و ده‌به‌ن. تا له‌ئاكامدا رۆژی 7ی جێنیوه‌ری له‌كاتی مه‌راسیمێكدا له‌ كرمان، به‌پێی میدیاكانی ئه‌مریكا، 56 كه‌س مردوون و 200 كه‌سیش بریندار بوون. ئه‌مه‌ نیشانه‌ی بێ به‌هایی ئینسانه‌ لای رژێمی ئیران.

ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه‌ ئێران به‌س قسه‌ ده‌كات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌مریكا ئه‌مانه‌ی كردووه‌: (رۆژی هه‌ینی 3ی جێنیوه‌ری، پێنتاگۆن، زیاتر له‌ 3 هه‌زار سه‌ربازی له‌فه‌وجی 504 ی لیوای 82ی په‌ره‌شوت گواسته‌وه‌ بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. رۆژی 7ی جێنیوه‌ری ناردنی لیوای 173ی په‌ره‌شوت كه‌ 3800 سه‌ربازه‌ و وێرای دوو كه‌تیبه‌ی كێوماڵی شه‌و و فه‌وجێكی تۆپهاوێژی مه‌یدانی).

ھەروەھا:(رۆژی 6ی جێنیوه‌ری هێزی ئاسمانی ئه‌مریكا شه‌ش فرۆكه‌ی بی 52ی زه‌به‌لاح-ی بۆمبهاوێژی به‌ره‌و دیگۆ گارسیا به‌رێكرد، كه‌ سه‌نته‌رێكی سه‌ربازییه‌ و پێگه‌ی ستراتیژی هه‌یه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و زه‌ریای هێمن، ئاماده‌كردنی 52 فرۆكه‌ی ئێف 35 له‌ بنكه‌ی ئه‌لعه‌دیدی قه‌ته‌ر كه‌ ئاماده‌ن بۆ فڕین له‌هه‌ر ساتێكدا بێت). كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ به‌شێكیشی بریتی بێت له‌جه‌نگی ده‌روونی به‌رامبه‌ر ئێران، ئه‌وا به‌شه‌كه‌ی تری ئاماده‌گییه‌ بۆ شه‌ڕ.

له‌ رووی دیپلۆماتییه‌وه‌ مایكل پۆمپیۆ بووه‌ به‌ كه‌شتیوانێكی بێ ئۆقره‌، رۆژ نییه‌ په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ وه‌زیرێكی ده‌ره‌وه‌ نه‌كات به‌مشێوه‌یه‌: (له‌گه‌ڵ كوشتنی قاسم سوله‌یمانی له‌رۆژی 3ی جێنیوه‌ری 13 په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی ده‌كات، یه‌كه‌م په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ بنیامین نه‌تانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل، پاشان له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د بن عه‌بدولره‌حمانی دووه‌م وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ر، له‌گه‌ڵ یانگ جێتشی سیاسه‌تمه‌دارو دیپلۆماتكاری چین و به‌رێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی ده‌ره‌وه‌ی حزبی شیوعی چین، له‌گه‌ڵ هیكۆ ماس وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا. له‌گه‌ڵ جان ئیف لودریان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌رنسا. له‌گه‌ڵ جه‌نه‌راڵ باجوا سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای پاكستان، له‌گه‌ڵ ئه‌شره‌ف غه‌نی ئه‌حمه‌د زای سه‌رۆكی پاكستان. له‌گه‌ڵ سێرجی لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا. له‌گه‌ڵ پادشا محه‌مه‌د بن سه‌لمان جێنشینی پادشای عه‌ره‌بستانی سعودیه‌. له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د بن زاید ئه‌لنه‌هیان جێنشینی پادشای ئه‌بوزه‌بی و جێگری سه‌رۆكی باڵای هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئیمارات. له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان).

هه‌روه‌ها پۆمبیۆ، پیاوه‌ ئارامنه‌گرتووه‌كه‌ی ئه‌مریكا: (بۆ رۆژی دواتر 4ی جێنیوه‌ری له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عیراق، مه‌ولود ئۆغلۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، سلێمان بن خه‌لیفه‌ وه‌لی عه‌هدی به‌حرێن. رۆژی 5ی جێنیوه‌ری دووباره‌ له‌گه‌ڵ بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل، سوبرمانیان جیشانكار وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی هیندستان، محه‌مه‌د بن عه‌بدولره‌حمان جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی قه‌ته‌ر و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌. رۆژی 6ی جێنیوه‌ری له‌گه‌ڵ شێخ ئه‌حمه‌د ناسر ئا-محه‌مه‌د ئال-سه‌باح وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كوه‌یت. خالید بن سلێمان جێگری وه‌زیری به‌رگری سعودیه‌) له‌هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كاندا باسی هۆكاری كوشتنی قاسم سوله‌یمانی و ئه‌و ترسه‌ی دروستیكردبوو له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست).

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران توانیویه‌تی قه‌ناعه‌ت به‌كێ بكات ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ری كردووه‌ تاوانه‌!؟

گره‌و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ شه‌ڕ ئه‌بێت یان نابێت، گره‌و له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كام عه‌قڵه‌یان ئه‌توانێن زۆرترین سه‌لامه‌تی بۆ ژیانی هاووڵاتییەکانی دابینبكات و کەمترین زیان بکات لەڕووی گیانییەوە. زۆربه‌ی دیپلۆماته‌كان و نووسه‌ر ئه‌مریكییه‌كان كه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن ترسیان له‌ ئێرانە كه‌ ئینسان به‌ لێشاو ده‌خاته‌ به‌ره‌ی جه‌نگه‌وه‌ بێئه‌وه‌ی بیر له‌مردنیان بكاته‌وه‌.

به‌شی زۆریان نمونه‌ی جه‌نگی عێراق- ئێران ده‌هێننه‌وه‌ كه‌ چۆن سەید روحوڵلا موسەوی خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران، هه‌رچی گه‌نجی بێ ئه‌زموون بوو ئه‌یخسته‌ به‌ره‌كانی جه‌نگه‌وه‌ به‌ناوی چوون بۆ به‌هه‌شت و كلیلێكی ئه‌كرده‌ ملیان كه‌ ئه‌وه‌یە ده‌رگای به‌هه‌شت ئه‌كاته‌وه‌ له‌دوای مردن.

له‌ كۆتایدا ئه‌توانین بلێین، ئه‌م ره‌مز و عه‌قڵه‌ ئه‌فسانه‌ییه‌ی ئێران له‌گه‌ڵ عه‌قلێكدا شه‌ڕده‌كات كه‌ كه‌ باوه‌ڕی یه‌ ته‌كنۆلۆژیا هه‌یه‌ کە ئەتوانێت ململانێی شه‌ڕ یه‌كلایی بكاته‌وه‌، به‌عه‌قلێك كه‌ له‌ ئه‌مریكاوه‌ كۆنترۆڵی فرۆكه‌یه‌كی بێ فرۆكه‌وانی كردووه‌و بۆ كوشتنی دووه‌مین كه‌سی ئێران، بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك سانتیمه‌تر هه‌ڵه‌ بكات. دوو عه‌قڵ یه‌كێكیان مرۆڤی به‌لاوه‌ گرنگ نییه‌ بۆچی ئه‌كوژرێت كه‌ ئێرانه‌، له‌به‌رامبه‌ردا عه‌قلێك كه‌ پاره‌ و بودجه‌ی به‌لاوه‌ گرنگ نییه‌ بۆ شه‌ڕ كه‌ ئه‌ویش ئه‌مریكایه‌.