هەولێر

گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و ئامادەباشیی هەرێمی کوردستان

بیروڕا-ڕابەر سیوەیلی

لەدوای کوژرانی قاسمی سولەیمانییەوە جیهان بەگشتی‌و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی، ڕووبەڕووی هەلومەرجێکی هەستیار بۆتەوە. هەلومەرجێك کە لەهەر خولەکێکیدا چاوەڕوانی ڕووداوی گەورەو پێشهاتی نوێی لێ دەکرێت، ڕەنگە هەر کام لەو پێشهاتانە بۆ جیهان نوێ بن و نەخشەی سیاسی بە فۆڕمێکی نوێ دابڕێژنەوە، یاخود ڕووداوگەلێك بن کە تائێستا وەکو پێویست هیچ کەس پێشبینی نەکردبن.
مەبەستی سەرەکی ئێمە لەم بابەتەدا، ئاماژەدانە بە کاریگەری کوژرانی قاسمی سولەیمانی لەسەر هەرێمی کوردستان و ئەو ئامادەباشییانەی کە پێویستە هەرێمی کوردستان بیگرێتەبەر لەپێناو پاراستنی قەوارە سیاسیەکەی و ڕزگارکردنی دانیشتوانەکەی بە کەمترین زیان و زۆرترین دەستکەوت لەهەر پێشهاتێكی نەخوازراو. بەبڕوای ئێمە، هەرێمی کوردستان لەم کات‌وساتەدا دەبێت لەسەر سێ ئاستی سەرەکی کاری زۆر جددی بکات و خاوەنی ستراتیژێکی گرنگ بێت:
یەکەم: ئاستی ناوخۆیی: هەبوونی یەك سیاسەتی هاوبەش، بڕیاری هاوبەش و بەرژەوەندی هاوبەش، بناغەی سەرکەوتن و پاراستنی سەروەریی هەرێم و سەروماڵی هاوڵاتیانە لەهەر ڕووداوێکی نەخوازراو کە ئەگەری ڕوودانی هەیە. بەڵام ئەوەی ئێستا لە واقیعدا دەیبینین شتێکی دیکەیەو ساردوسڕییەکی زۆر لەنێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێمدا دەبینرێت، کە بەهیچ شێوەیەك خزمەت بەم دۆخەی ئێستا ناکات و ئەگەر هەرواش بڕوات لەو بڕوایەدانین لە ئایندەی گۆڕانکارییەکاندا هەرێمی کوردستان قورساییەکی ئەوتۆی هەبێت، کە دەبێت هەیبێت. لەدرێژەی ئەم خاڵەدا بەپلەی یەکەم چاوەڕوانیی زۆر لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەیە کە هەرچی زووترە کۆتایی بەکۆنگرەی حیزبەکەی بهێنێت و دەسەڵاتی جێبەجێکردنی خۆی دیاری بکات، هەروەها بە ئەجێندایەکی نوێ و یەك سیاسەت و یەك بڕیارەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و تەواوی هێزولایەنە سیاسیەکانی دیکەی هەرێمدا بکەونە گفتوگۆو داڕشتنی ستراتیژێکی کوردانە، مەردانە، ئاقڵانەو نەجیبانە لەپێناو پاراستنی شکۆی میللەتی کوردی ستەمدیدەدا.
لەلایەکی دیکەوە، دەبێت ئەولەویەتی سەرەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان زامنکردنی مووچەو دۆزینەوەی ڕێگەچارەی حەتمی بێت بۆ دوانەکەوتن و دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە کات‌وساتی خۆیدا. ئەم کارەش بەهەڵسەنگاندێکی وردو خوێندنەوەی هەموو پێشهاتەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دێتەبەرهەم. زۆرگرنگە حکومەتی هەرێم لەئێستادا جگە لە حکومەتی ناوەند، بژاردەی دیکەی هەبێت بۆ دابینکردنی مووچە. چونکە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هەمیشە کارتێکی فشارە بەدەست حکومەتی عێراق و لەکاتی بەدیکردنی هەڵوێستێکی جیاواز لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە سەبارەت بەڕووداوەکان، هیچ دوورنیە ناوەند پەنای بۆ ببات‌و هەرێم بخاتە ژێر گوشارەوە. بەڵام مەترسییەکە ئەوەیە کە لە ئەگەری بەکارهێنانی ئەو کارتەدا حکومەتی هەرێم ڕاستەوخۆ لەلایەن فەرمانبەرانی کوردستانیشەوە دەکەوێتە ژێرفشارو جارێکی دیکە گەڕانەوە بۆ سیستەمی پاشەکەوت و نیومووچە کارتێکی تێپەڕو قبوڵکراو نابێت بۆ حکومەتی هەرێم، بەپێچەوانەوە بەدووری نازانم ببێتە هۆکارێك بۆ سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایی هاوشێوەی بەغدا. لەبەرئەوە زۆرگرنگە حکومەتی هەرێم کاریی جددی بۆ ئەو بابەتە بکات و بژاردەی جودا لە ناوەند بدۆزێتەوە.
ڕێکخستنەوەی هێزە پێشمەرگەی کوردسستان و پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی باڵای سەربازی، دەبێت یەکێکی دیکە بێت لە ئەولەویەتی کاری حیزب و حکومەت و هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان. ئەمەش لەلایەك بۆ (مەبەستێکی سیاسی) کە نیشاندانی هەرێمی کوردستانە بەجیهانی دەرەوە لەم دۆخە هەرستیارەدا وەکو هەرێمێکی خاوەن یەك هێزی هاوبەش و ئامادە بەرەوڕووی پێشهاتە نەخوازراوەکان. لەلایەکی دیکەشەوە بۆ (مەبەستێکی سەربازی) کە خۆی دەبینێتەوە لە گەڕانەوە بۆ کەرکوك و ناوچە کوردییەکانی دیکە لەکاتی لاوازبوونی دەسەڵاتی شیعە بەسەر حکومەتی عێراق و داپڵۆسینی گرووپە چەکدارییەکانیان لەلایەن ئەمریکاوە، کە یەکێکە لە ئەگەرە چاوەڕوانکراوەکان. بەڵام وەکو ئاشکرایە بارودۆخی هێزی پێشمەرگەش هاوشێوەی دۆخە سیاسییەکەی نێوان پارتەکان، لەئاستی چاوەڕوانی ڕووداوەکاندا نیەو خاوەنی چەندین فەرماندەو ئاڕاستەی سەربازیی جیاوازە، کە بەبڕوای ئێمە ئەگەر لەژێر ستراتیژێکی نوێدا یەکنەخرێن و توانای مامەڵەکردنیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکان نەبێت، دوورنیە هەمان هەڵەکانی ڕابردوو دووبارە ببنەوە.
دووەم: ئاستی هەرێمیی: زۆرگرنگە هەرێمی کوردستان لەدوای ڕێکخستنەوەی نێو ماڵی خۆی، چاوێك بە پەیوەندییەکان و سیاسەتی خۆیدا لەگەڵ هەردوو ڕەوتی (سوننەو شیعە) کە پێکهێنەری سەرەکیی حکومەتی عێراقن، بخشێنێتەوە. بەتایبەت ڕەوتی سوننە کە لەئێستادا بارودۆخێکی ناجێگیری هەیەو نازانێ کێ پاڵپشتیەتی و لایەنگری لە کێ بکات؟! بەراورد بەڕەوتی شیعە کە ئەولەویەتیان بۆ ئێرانەو فەرمان لە ئێران وەردەگرن. ڕاشکاوانە دەڵێم: لەم قۆناغەدا هەرێمی کوردستان پێویستی بەپیادەکردنی سیاسەتێکی (ناڕوون) و (ژێربڕانە) هەیە لەگەڵ حکومەتی ناوەند. ئەمەش لەپێناو خۆبەدوور ڕاگرتنی هەرێم لەو بازاڕە بێسەرەوبەرە سیاسییەی کە ئێستا لە عێراق دا دەگوزەرێ و هەرکەس بۆخۆی حکومەتێکە. ناتوانین بیشارینەوە کە هەرێمی کوردستان بەوپێیەی لە چوارچێوەی عێراقدایە ئەرکێکی قورسی دەکەوێتە سەرشان، هەر گۆڕانکارییەکی عێراق ڕاستەوخۆبێت یان ناڕاستەوخۆ کاریگەری بۆسەر هەرێمیش دەبێت. بەڵام هەروەکو ئاماژەمان پێدا، مەبەستی سەرەکی و ئەولەویەتی کاری هەموولایەك دەبێت دەربازکردنی هەرێم بێت بە کەمترین زیان و زۆرترین قازانج نەك بەپێچەوانەوە. لەم قۆناغەدا هەرێمی کوردستان دەکرێ لەڕێگەی پەڕلەمانتارە کوردەکانی بەغداوەوە یارییەکی زۆر لێزانانە بکات و بەپێی ئەو بارودۆخانەی دێنەپێش، هەندێكجار لەڕێگەی دەنگدان یاخود دەنگنەدان و هەندێکجاریش لەڕێگەی بایکۆتی ئەو پڕۆژە بڕیارانەی کە دژ بە دەوڵەتێکی ترەو لەژێر فشاری دەوڵەتێکی تردا دەیانەوێ تێیبپەڕێنن، ئەوان بەپێی بەرژەوەندییە (ئانی و ستراتیژییەکان)ی هەرێم مامەڵەی لەگەڵ بکەن. بەمانایەکی تر، چ باڵادەستانی هەرێمی کوردستان و چ وەزیرو پەرلەمانتارە کوردەکان لە بەغدا، دەبێت بەپێی بەرژەوەندی هەرێم یارونەیاری حکومەتی ناوەند بن، چونکە لەبیرمان نەچێت، بەدرێژایی مێژوو بێهێزبوونی عێراق هۆکارێکە بۆ بەهێزبوونی هەرێم!. ئەمەش سادەترین مانای سیاسەتە کە سیاسەتوانەکان دەبێت بۆ پاراستنی خاك و میللەتی خۆیان ئەنجامی بدەن.
سێیەم: ئاستی دەرەکی: هەرێمی کوردستان بەگوێرەی ئەو هەڵکەوتە جوگرافیەی کە هەیەتی، بێبەش نابێت لەو کێشمەکێشم و بێنەوبەردەیەی لە ناچەکەدا دەگوزەرێت. چونکە هەرکام لەو هێزە بەگژیەکداچووانە ئامادەیی کرداریی لەناو خاکی هەرێم هەیەو لە ئەگەری پێکدادانی بەرژەوەندییەکانیاندا، هیچ دوورنیە هەرێمی کوردستان ڕابکێشنە نێو ئەو ململانێیەوە. کەوابێ، باڵادەستانی هەرێم بۆ ڕزگاربوون و پاراستنی سەروماڵی هاونیشتیمانیان، دەبێت هەوڵدان بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی لە سیاسەتەکانیدا، ئەولەویەتی مامەڵەی دەرەکی هەرێم و هێزە بەگژیەکداچووەکان بێت. چونکە ئەو هێزانە هیچ کامیان دوژمن یان دۆستی ڕەهای هەرێمی کوردستان و میللەتی کوردنین، بەڵکو بەدرێژایی مێژوو هەریەکەیان بەپێی بەرژەوەندی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ هەرێم کردووە، ئێستاش هەرێم دەبێت هەوڵبدات لەم دۆخە هەستیارەدا (بەرژەوەندیخوازانە) مامەڵە بکات و کوردوتەنی: (لەگەڵ گورگ گۆشت بخوات و لەگەڵ مەڕ شین بکات). لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، هەرێمی کوردستان دەبێت ئەمجارە کەمترین باوەڕی بە بەڵێنی هێزە ململانێکارەکان هەبێت. ناکرێ بەبێ ئاوڕدانەوە بۆ ئەو ڕابردووە تاڵەو ئەو هەموو جەوروجەفایەی کورد لە بەڵێنی بەدینەهاتووی زلهێزەکان دیتوویەتی، باڵادەستانی هەرێم هەروا بەئاسانی لەبیری بکەن و بەهەمان تاس‌وحەمامی جاران ببنە کەواسووری بەرلەشکر. بەڵکو بەپێچەوانەوە دەبێت جیاوازی بنچینەیی لە هەڵسوکەوتیان بەرامبەر زلهێزان هەبێت و لەسەر بنەمای (سەندن و پێدان) مامەڵەیان لەگەڵ بکەن.