هەولێر

ئێران كۆدی نهێنی سندوقه‌ ره‌شەکەی بۆ ناكرێته‌وه‌

نیشتمان-تۆڕی ھەواڵ-جیھانی
لوقمان غه‌فور

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ 9ی جێنیوه‌ری، جۆستن ترۆدۆ سەرۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا له‌ ئۆتاوا دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ ئومێده‌واره‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی تێرو ته‌واوی ده‌ستكه‌وێت له‌سه‌ر كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی فرۆكه‌ ئۆكرانییه‌كه‌.

به‌و پێیه‌ی له‌نێو فرۆكه‌كه‌دا 63 ی هاوولاتی كه‌نه‌دی تێدایه‌، له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌داوه‌ ماته‌م له‌ وڵاته‌كه‌ راگه‌یه‌ندرا.

ترۆدۆ، له‌میانی پرسیارێكدا كه‌ ده‌نگۆ هه‌واڵگرییه‌كان پێیان وایه‌ به‌هۆی مووشه‌كێكی ئیرانه‌وه‌ كه‌وتۆته‌ خواره‌وه‌، وتی: “ده‌شێت بێ مه‌به‌ست بووبێت و پێویسته‌ كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و بواره‌ بكه‌ن”.

باسی له‌وه‌شكرد كه‌ ئێرانییه‌كان رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ سندوقی ره‌شی فرۆكه‌كه‌ لای خۆیان پاراستوویانه‌.

له‌كاتێكدا ئێران ئاماده‌نه‌بوو سندووقی ره‌شی فرۆكه‌كه‌ ته‌سلیم به‌ ئه‌مریكا بكات، به‌ڵام له‌دوای فشاره‌كانه‌وه‌ عه‌لی عه‌بدوڵڵا زاده‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌سته‌ی فرۆكه‌وانی به‌ سی ئێن ئێن-ی راگه‌یاند، پێویستمان به‌ هاوكاری ده‌ره‌كی هه‌یه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی كۆدی نهێنی سندوقه‌كه‌ چونكه‌ بۆمان ناكرێته‌وه‌ و تووشی به‌ركه‌وتن بووه‌.

زاده‌ باسی له‌وه‌شكردووه‌ بۆ سی ئێن ئێن كه‌ تیمێكی پسپۆرانی فرۆكه‌وانی ئۆكرانیا گه‌یشتوونه‌ته‌ ئێران و كۆبوونه‌وه‌یان كردووه‌ و سبه‌ی 10ی جێنیوه‌ری هه‌وڵده‌ن كۆدی سندوقی ره‌شی فرۆكه‌كه‌ بكه‌نه‌وه‌. وتیشی: خۆ ئه‌گه‌ر نه‌كرایه‌وه‌ بۆمان ئه‌وا پشپۆری كه‌نه‌دی و فه‌ره‌نسی بانگده‌كه‌ین.

ریتشارد كویست، رۆژنامه‌نووس و پسپۆری فرۆكه‌وانی له‌كه‌ناڵی سی ئێن ئێن وتی:”ئێران ده‌بێت له‌وه‌بگات كردنه‌وه‌ی كۆدی نهێنی سندوقی ره‌شی فرۆكه‌ له‌ توانای ئه‌ودا نییه‌، پێویستی به‌ ئه‌زموون و پسپۆرێتییه‌كی به‌رز هه‌یه‌ له‌بواری ته‌كنۆلۆژیا، له‌كاتێكدا زیان به‌ر سندوقه‌كه‌ كه‌وتبێت”. وتیشی:”له‌وانه‌یه‌ پسپۆرانی فه‌ره‌نسی و كه‌نه‌دی بتوانن كۆده‌كان بكه‌نه‌وه‌”.

هه‌روه‌ها له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به‌رپرسانی هه‌واڵگری ئه‌مریكی و عیراقی سه‌رله‌به‌یانی 9ی جێنیوه‌ری بابه‌تی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی فرۆكه‌ ئۆكرانییه‌كه‌یان له‌لایه‌ن مووشه‌كی ئێرانییه‌وه‌ ورژاند.

هه‌واڵگری ئه‌مریكی ده‌ڵێت: هێماكانی راداری ئێرانی-مان بینییوه‌ كه‌ به‌ر له‌ كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی فرۆكه‌كه‌، داخراون.

رۆژی 9ی جێنیوه‌ری گۆڤاری نیوزویك راپۆرتێكی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و فرۆكه‌ ئۆكرانییه‌ی رۆژی 8ی جێنیوه‌ری كه‌وته‌خواره‌وه‌ و 178 سه‌رنشینی تێدا گیانی له‌ده‌ستدا به‌هۆی لێدان به‌ مووشه‌كه‌وه‌ بووه‌. به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی نیوزویك فرۆكه‌ ئۆكرانییه‌كه‌ به‌هۆی لێدانی مووشه‌كی زه‌مینی (TOR-M1) ی دروستكراوی روسی خراوه‌ته‌ خواره‌وه‌ كه‌ سیستمێكی مووشه‌كی به‌رگری كورت مودایه‌ كه‌ فرۆكه‌ی بێ فرۆكه‌وان و كۆپته‌ر توانی ده‌قاندنی هه‌یه‌ و له‌سیستمی ناتۆدا به‌ (Gauntlet) تۆماركراوه‌.