هەولێر

ئێران دواجار ملکەچی تیمی ئەمریکی بوو

نیشتمان-تۆڕی ھەواڵ-جیھانی

لوقمان غەفور
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ١٠ مانگی ١ بەکاتی تاران، ئێران ناچاربوو کە بۆ کردنەوە کۆدی نھێنی سندوقی ڕەشی فرۆکە تێکشکاوە ئۆکرانییەکە، تیمی پسپۆری ئەمریکا بانگھێشت بکات.

ئۆكرانیا
بەپێی ھەواڵێکی وۆڵ ستریت جۆرنال ئێران و پسپۆرانی ئۆكرانیا -یش نەیانتوانیوە ئەمڕۆ ١٠ جێنیوەری کۆدی نھێنی سندوقی ڕەشی فرۆکە تێکشکاوەکەی کە ئێران بە مووشەک خستویەتییە خوارەوە بکەنەوە، بۆیە دواجار پەنایان بردە بەر پسپۆرانی ئەمریکی و بانگھێشت کراون بۆ کردنەوەی.

دوێنێ ٩ ی جێنیوەری مایكل هۆیرتا به‌رێوه‌به‌ری پێشووی فرۆكه‌وانی فیدرالی بۆ واشنگتۆن پۆست وتی:”له‌بواری فرۆكه‌وانی جیهانیدا، توانی ته‌كنیكی پسپۆرانی فرۆكه‌وانی ئەمریکا به‌هێزه‌”.
باسی له‌وه‌شكرد تێكڕای ئه‌و رووداوانه‌ی كه‌ رویانداوه‌ له‌ جیهاندا له‌ رابردوودا ئه‌مان به‌شێك بوون له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی رووداوه‌كه‌، وتیشی: “به‌ڵام تائێستا په‌یوه‌ندی به‌ ئێمه‌وه‌ نه‌كراوه‌. بابزانین ئێرانییەکان خۆیان چییان چنگده‌كه‌وێت”.

لەدوای ڕووداوەکە عەلی عەبدوڵڵا زادە بەرێوەبەری دەستەی فرۆکەوانی رایانگه‌یاند، كه‌ سندوقی ره‌شی فرۆكه‌كه‌ لای خۆیان پاراستوویانه‌ و ڕادەستی ئەمریکای ناکەن بۆ لێکۆڵینەوە.

له‌كاتێكدا ئێران ئاماده‌نه‌بوو سندووقی ره‌شی فرۆكه‌كه‌ ته‌سلیم به‌ ئه‌مریكا بكات، به‌ڵام له‌دوای فشاره‌كانه‌وه‌، دوێنێ ٩ ی جێنیوەری، عه‌لی عه‌بدوڵڵا زاده‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌سته‌ی فرۆكه‌وانی به‌ سی ئێن ئێن-ی راگه‌یاند، پێویستمان به‌ هاوكاری ده‌ره‌كی هه‌یه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی كۆدی نهێنی سندوقه‌كه‌ چونكه‌ بۆمان ناكرێته‌وه‌ و تووشی به‌ركه‌وتن بووه‌.

زاده‌ باسی له‌وه‌شكردبوو بۆ سی ئێن ئێن كه‌ تیمێكی پسپۆرانی فرۆكه‌وانی ئۆكرانیا گه‌یشتوونه‌ته‌ ئێران و كۆبوونه‌وه‌یان كردووه‌ و ئەمڕۆ 10ی جێنیوه‌ری هه‌وڵده‌ن كۆدی سندوقی ره‌شی فرۆكه‌كه‌ بكه‌نه‌وه. بەڵام ئەمڕۆ ھەوڵی ئێرانی و ئۆکرانییەکان بێھودە بووە.

ریتشارد كویست، رۆژنامه‌نووس و پسپۆری فرۆكه‌وانی له‌كه‌ناڵی سی ئێن ئێن وتی:”ئێران ده‌بێت له‌وه‌بگات كردنه‌وه‌ی كۆدی نهێنی سندوقی ره‌شی فرۆكه‌ له‌ توانای ئه‌ودا نییه‌، پێویستی به‌ ئه‌زموون و پسپۆرێتییه‌كی به‌رز هه‌یه‌ له‌بواری ته‌كنۆلۆژیا، له‌كاتێكدا زیان به‌ر سندوقه‌كه‌ كه‌وتبێت”.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به‌رپرسانی هه‌واڵگری ئه‌مریكی و عیراقی سه‌رله‌به‌یانی دوێنێ 9ی جێنیوه‌ری بابه‌تی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی فرۆكه‌ ئۆكرانییه‌كه‌یان له‌لایه‌ن مووشه‌كی ئێرانییه‌وه‌ ورژاند.

رۆژی 9ی جێنیوه‌ری گۆڤاری نیوزویك راپۆرتێكی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و فرۆكه‌ ئۆكرانییه‌ی رۆژی 8ی جێنیوه‌ری كه‌وته‌خواره‌وه‌ و 178 سه‌رنشینی تێدا گیانی له‌ده‌ستدا به‌هۆی لێدان به‌ مووشه‌كه‌وه‌ بووه‌. به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی نیوزویك فرۆكه‌ ئۆكرانییه‌كه‌ به‌هۆی لێدانی مووشه‌كی زه‌مینی (TOR-M1) ی دروستكراوی روسی خراوه‌ته‌ خواره‌وه‌ كه‌ سیستمێكی مووشه‌كی به‌رگری كورت مودایه‌ كه‌ فرۆكه‌ی بێ فرۆكه‌وان و كۆپته‌ر توانی ده‌قاندنی هه‌یه‌ و له‌سیستمی ناتۆدا به‌ (Gauntlet) تۆماركراوه‌.