هەولێر

سه‌ردانه‌ خێراكه‌ی عادل عبدالمهدی بۆ هه‌رێمی كوردستان

نیشتمان-ناوه‌ندی هه‌واڵ-باشووری كوردستان

ئه‌مڕۆ شەممە 11/1/2020  عادل عبدالمهدی سەرۆک وەزیرانى کاربەرێکەرى عێراق و وەفدێکى هاوڕێى سەردانى هه‌رێمی كوردستانیان كرد،

سه‌ره‌تا گه‌شته‌كی عبدالمهدی له‌ هه‌ولێره‌وه‌ ده‌ستی پێكرد و له‌لایان مه‌سرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانه‌وه‌ پێشوازی له‌ خۆی  شاندێکی باڵای حکومەتی فیدراڵی عێراق کرا.

سه‌ره‌تا  عادل عبدالمهدی و مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پێشووتری هه‌رێم و سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ و تاوتوێ ناوچەکە و عێراق و پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا كرد.

لەو دیدارەدا  بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە خوازیاری ئەوەیە كێشە و قەیرانەكانی عێراق چارەسەر ببن و لەگەڵ ئەوەدایە كە بۆ نەهێشتنی گرفتەكان، ڕێگەچارەی دوور لە موزایەدات و عەقڵانی و لە چوارچێوەی میكانیزمە دەستوورییەكان بگیرێتەبەر، هه‌ردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كەوتووەتە قۆناغێكی ئیجابی و نوێ و بەردەوامیی ئەو كەشە ئیجابییەی نێوان هەردوولا بە پێویست زانرا.سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران

له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌ولێر عادل عبدالمهدی چاوی به‌ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كه‌وت و رایگەیاند “هاتووین بۆئه‌وه‌ی راوێژ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مڕۆ و داهاتووی عێراق، سه‌روه‌رییه‌كه‌ی، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش، هاوئاهه‌نگیكردن له‌ هه‌موو بوارێك، تێپه‌ڕاندنی ئاسته‌نگه‌كان و ئاستەنگە نێوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌ژێر چه‌تری ده‌ستووردا”.

هاروه‌ها نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێزانینی خۆی ده‌ربڕی له‌باره‌ی راوێژكردن لەسەر سه‌رجه‌م بابه‌ته‌ جیاوازه‌كان و پرسه‌ بایه‌خداره‌كان به ‌عێراق و وتی “هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌سته‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی عێراق و هه‌ر بڕیارێك حكومه‌تی فیدراڵ بیدات، بڕیاری ئێمه‌شه‌”.

پاشان لە کۆبوونەوەیەکدا كه‌ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک لە وەزیرەکان ئامادەبوون، گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرا.

عبدالمهدی ئاماژەی بەوەدا کە بنەمایەکی باشیان بۆ پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی داناوە و ئێستاش دەرفەتێکی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا، بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندی هەموو دانیشتوانانی عێراق بێت.

مه‌سرور بارزانی  جەختی کردەوە، کە چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی نێوان هەردوولا پێویستی بە بڕیار و ئیرادەیەکی جیددی هەیە کە گرفتەکان بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێن.

هه‌ولێر و به‌غدا جەختیان لەوە کردەوە، کە پێویستە عێراق دووربێت لە ململانێی هەرێمی و دەرەکی و پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ هەموو لایەنەکان بپارێزێت.

سەر لە ئێوارەى هه‌مان ڕۆژیش (11/1/2020) د. عادل عبدالمهدی سەرۆک وەزیرانى کاربەرێکەرى عێراق و وە فدێکى هاوڕێى سەردانى سلێمانیان کرد، لەلایەن وەفدى باڵاى یەکێتى نیشتمانى کوردستان بە سەرۆکایەتى کۆسرەت ڕەسوڵ عەلى سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى سیاسى و بەرژەوەندى یەکێتى پێشوازیان لێکرا.

لە کۆبووەنەوەکەدا گفتوگۆ لە بارەى دۆخى سیاسى عێراق کراو چۆنێتى ڕووبەروو بوونەوەى مەترسى و تەحدییەکانى بەردەم پرۆسەى سیاسى و دۆخى ئەمنى تاوتوێ کران. لە بەشێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، دۆخى هەرێمایەتى و گۆرانکاریەکانى ناوچەکە هەڵسەنگێندران.

هەردوولا هاوڕابوون، کە هێشتا مەترسى تیرۆریستانى داعش کۆتایى نەهاتووەو جەختیان کردەوە، پێویستە هەوڵەکان چڕ بکرێنەوەو هەماهەنگى زیاتر لە نێوان هەردوولا دا هەبێت بۆ تێکشکاندنیان. پەیوەندى نێوان هەرێم و ناوەند تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکە بوو، جەختکرایەوە لەسەر گرنگى پتەوترکردنى پەیوەندیەکانى نێوان هەردوولا، لە پێناوى بەرژەوەندیە گشتیەکانى گەلانى عێراق.

ئێواره‌ی هه‌مان رۆژیش عادل عبدالمهدی سەرۆک وەزیرانى کاربەرێکەرى عێراق و وەفدێکى هاوڕێى گه‌ڕانه‌وه‌ به‌غدای پایته‌خنی عێراق