هەولێر

خامنەیی”نابێت پشت بە هەناردەکردنی نەوت ببەستین”

نیشتمان-ناوەندی ھەواڵ-ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست

پاش هەشت ساڵ ئەمڕۆ ڕێبەری ئێران لەوتاری ڕۆژی هەینی بەهۆی ڕوداوەکانی ئەم دوو هەفتەی کۆتا بۆ سەر وڵاتەکەی ئامادەبوو.

خامنەیی لەوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا، کوژرانی هەر دوو سەرکردە قاسم سڵێمانی و فەهمی موهەندیس و لە وەڵامدا بەڕێکردنی تەرمی ئەوان بەهۆی ملیۆنان کەس لە تەواوی شارەکانی ئێران و موشەکبارانکردنی بەهێزانەی سوپای وڵاتەکەمان بۆ بنکەکانی ئەمریکا، دەتوانین وەک ڕۆژە پیرۆزەکان لە مێژووی وڵاتمان لێی بڕوانین و ئەوان وەک ڕێبازێک لە میژووی وڵاتمان تەماشا بکەین.

خامنەیی وتیشی، لەدوای 41ساڵ ئەم ڕۆژانە تەواو دەبن، بەڵام ئاسەواری ئەو بە نەمری لە وڵاتەکەماندا دەمێنێتەوە.

لەبەشێکی تر وتارەکەیدا خامنەیی ئاماژەی بەوشدا، ئەمریکییەکان هەمیشە خەڵکیان لەعێراق و سوریاو وڵاتانیتر کوشتووە، بەڵام ئینکارییان دەکرد کە ئەوانیان کوشتبێت، بەڵام ئەمڕۆ ڕاستەوخۆ وتیان، ئێمە قاسم سوڵێمانی و فەهمی موهەندیسمان کوشت و تیرۆرمان کرد، کە ئەمکارانە هاوشێوەی ئیسڕائیلیەکانە، کە سەرۆکی حەماس و جەبهەی جیهادیان کوشت و دانیان پیادانا.

ڕێبەری ئێران دەشیگووت، ئەمریکا داعشی دروستکرد نەک لەبەر ئەوەی لەعێراقدا سەیتەری هەبێت، بەڵکوو ئامانجی ئەو لێدان لەئێران بوو، تا لەم ڕێگەیەوە سنوورو شارو خێزانەکانی ئێمە دووچاری نائەمنی بکات.

خامنەیی لە وتارەکەیدا ڕونیشیکردەوە، وڵاتانی ئەوروپی وەکوو ئەڵمانیاو فەڕەنساو بەریتانیا پاش ڕووداوەکانی ئەمدواییە هەڕەشەیان لە وڵاتەکەمان کرد، کە ئێران لەئەگەری بەردەوامیدانی بە وزەی ناوەکی ئەوان سکاڵایان لەدژی ئێران دەبەنە ئەنجومەنی ئاسایش، کە ئەمەش بێمتمانەیی ئەوان بە وڵاتمان نیشاندەدات.

لەبارەی ئەم سێ وڵاتەوە هەروەها وتیشی، ئەڵمانیا لە سەردەمی سەدامدا چەکی کیمیاوی بە بەعس فرۆشت، فەڕەنسا فڕۆکەکانی لەکەنداو دژی ئێمە بەکارهێنا و بەریتانیاش هەر هەمانشێوە کاری لەدژمان کرد. بەڵام ئەمان یەکدەست و داردەستی ئەمریکان و گفتگۆکردن لەگەڵیشیاندا بێسوودەو ناتوانن بەمکارانە ئێران بخەنە سەر ئەژنۆوە.

ڕێبەڕی ئێران بەجەختکردنەوە لە ڕووداوی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکڕاینییەکە جەختیکردەوە، دەبێت ڕوونکردنەوە و بەدواچوونی زیاتر لەمبارەوە بکرێت کە تائێستاش کراوە، هەرچەندە کەسانێک لەئاستی باڵاش ئەمەیان کردە بیانوو بۆ ناڕەزایی و خۆپیشاندان و بۆچوونی دژانە دەربڕین، بەڵام بیریان چووە ئاسایشی نیشتیمانی وڵات و خەڵک دەبێت لە ئەلەویەتی هەموومان بێت.

لەکۆتایی وتارەکەشیدا خامنەیی هەروەها ڕایگەیاند، چیدی وڵات نابێت پشت بە نەوت و هەناردەکردنی ببەستێت و بەڵکوو دەبێت بەش وسیکتەرەکانی تری پیشەسازی و زانست لەهەموو بوارێکیدا گەشە پێبدات.

ی.ن