هەولێر

ئەمریکا دانی بەوەدانا لە هێرشی موشەکەکانی ئێران بۆ بنکەکانی لە عێراق 11سەربازی برینداربوون

نیشتمان-ناوەندی هەواڵ-ئەمریکا

سوپای ئەمریکا بەپێچەوانەی ڕایی پێشووی لە شەوی هێرشی موشەکەکانی ئێران بۆ سەر بنکەسەربازییەکانی لە عێراق، دانی بەوەدانا بەهۆی ئەم هێرشانەوە 11سەربازی بریندار بووە. هەواڵدەری ڕۆیتەرز لەمبارەوە ڕایگەیاند، پنتاگۆن لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، لە ئەنجامی هێرشی موشەکی ئێران بۆ بنکەکانی کە لەشەوی18ی جانیوەر ڕوویداوە، 11سەربازی وڵاتەکەی دوچاری شڵەقانی مێشک بوون و چارەسەرییان بۆ کراوە. “جەنەڕاڵ بیل ئیرین” وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکی وەزارەتەکەیدا وتی، ئەم بریندارانە بۆ چارەسەری ڕەوانەی ناوەندی پزیشکی لاندیستۆڵ لە ئەڵمانیاو کەمپێکی هێزە وشکانییەکانی ئەمریکا لەکوەیت کراون و لەژێر چاودێری تەندروستی زیاتردان.

وتەبێژەکە وتیشی، لەم هێرشانەدا کەس نەکوژراوە، بەڵام بەدواچوون لەدۆخی تەندروستی ئەم بریندارانە هێشتاکە بەردەوامە. لەلایەکی ترەوە، سەرچاوەیەکی تر ڕایگەیاندووە، هەفتەیەک دوای ئەم ڕووداوە وا ئەم بابەتە پێدەزانین و بەمزوانە زانیاریی زیاتر لەبارەی بریندار و زیانەکانەوە دەخەینەڕوو. ئەم بەیاننامەو گوتانەش لەکاتێکدایە، پێشتر‌ ئیدارەی ئەمریکا لەزاری ترەمپەوە ڕایگەیاندبوو، کە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەی عەینولئەسەد هیچ زیانێکی گیانی و برینداربوونی لێ نەکەوتووەتەوە.

سوپای پاسدارانی ئێران هەفتەی ڕابردوو لەوەڵامی کوشتنی قاسم سولێمانی ئۆپەڕاسیۆنێکی بەناوی قاسم سولێمانی بۆ پێگەکانی عەینولئەسەدی ئەمریکا و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەهەولێر ئەنجامدا.

ی.ن