هەولێر

با بارزانی بە جلی کوردیەوە بێتە کۆشکی سپی

نیشتمان-بیروڕا-سەرکەوت شەمسەدین

دیداری یەکەم: مەسعود بارزانی و جۆرج بۆش

ساڵی ۲٠٠٥ کاتێک جۆرج بۆش نەیتوانی لە عێراق هیچ بەڵگەیەک بدۆزێتەوە کە عێراق خاوەنی چەکی کۆمەڵکوژە، جۆرج بۆش کەوتەبەر هێرش و تورەیی میدیا و جەماوەری ئەمریکی کە سەرۆک “درۆیکردووە” لەگەڵیان، هەروەها وڵاتێکی داگیرکردووە بێ هیچ بنەمایەک و بە هەزاران سەربازی بە کوشتداوە تێیدا.
تیمی جۆرج بۆش، هەوڵیاندا بیانوی ئەوە بدۆزنەوە عێراق لە دیکتاتۆری رزگارکراوە و بۆتە دیموکراسی و چیتر کەمینەکان ناچەوسێنرێنەوە و مافی خۆیان وەردەگرن.
لەو چوارچێوەیەدا بریاردەدەن سەرکردەیەکی کورد بانگهێشت بکەن، وەک بەڵگەی ئازادبوونی کەمینەکان بیخەنەروو لەوکاتەدا (تاڵەبانی سەرۆککۆماری عێراق بوو، ئەو رۆڵەی بارزانی نەدەبینی) .
بۆیە تیمی جۆرج بۆش، داوا لە یاریدەدەری پرۆتۆکۆڵی مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێم دەکەن کە سەرۆک “بۆش” دەیەوێت مەسعود بارزانی بە جلی کوردییەوە ببینێت لە کۆشکی سپی.
عادەتەن مەسعود بارزانی لە کۆبونەوە فەرمیەکانی دەرەوەی کوردستان بە چاکەت و پانتۆڵەوە دەردەکەوێت و جلی کوردی بەکار ناهێنێت.
ئەوکات لە بەردەم کامێراکان جۆرج بۆش ووتی، “ئەمرۆ ئەو (بارزانی) ئەم جلانەی لەبەرکردووە، چونکە پێشتر ئەگەر ئەم جلانەی لەبەر بکردایە و لەلایەن سەدامەوە دەستگیر بکرایە دەکوژرا، تەنیا لەبەرئەوەی جلوبەرگی [کلتوری] خۆی لەبەرکردوە، بەڵام ئێستا ئەو بە دڵخۆشییەوە لێرە ئەو جلانە لەبەردەکات لەبەرئەوەی ئێمە وڵاتێکی ئازادین، ئێستا لە عێراقیش بە ئازادانە ئەم جلە لەبەر دەکات، چونکە ئێستا عێراق ئازادە.” کە ئەم قسەیەی بوش هیچ بنەمایەکی نەبوو، کورد لە عێراق هەرگیز جلوبەرگی خۆی لێ قەدەغە نەکراوە.

دیداری دووەم: نێچیرڤان و ترەمپ

دیداری دۆناڵد ترەمپ گرنگە چ سەرۆکی وڵاتێک بیت یان هەرێمێک یان سەرۆک کۆمپانیا یان چالاکوانێکی کۆمەڵگەی مەدەنی، بەڵام گرنگە چی پێ ئەڵێی و چی بەدەست دەهێنی، چونکە ترەمپ لەو سەرۆکانەیە کە سوود نەبینێت کەس نابینێ.

پێشتر کۆشکی سپی مەزڵوم کۆبانێی بانگهێشت کرد و خودی دۆناڵد ترەمپ راستەوخۆ بانگهێشتەکەی کرد، چونکە ترەمپ لە ژێر فشارێکی زۆری ناوخۆدا بوو بەتایبەت لە ناو حزبی کۆماری لەسەر پرسی کورد لە سوریا رووبەروی نارەزایی توند بوویەوە کە کاریگەری لەسەر دەنگدەرانیشی هەبوو. بۆیە ترەمپ دەیویست لەرێگەی “مەزڵوم”ەوە لە کۆشکی سپی حەملەکەی سەری رابگرێت و بشیکات بە کەمپین بۆ خۆی، چونکە ئەمساڵ ترەمپ دەبێت کێبرکێ بکات بۆ هەڵبژاردن بۆ خولی دووەم.
بەڵام مەزڵوم کۆبانێ بەهۆی شەرەوە بریاریدا ئەو سەردانە دوابخات، جگەلەوەی کێشەی ڤیزە و پاسپۆرتیشی ئاڵۆز بوو.

پاشان لە دوای ئاڵۆزییەکانی عێراق و کوشتنی قاسم سلێمانی، هەرێمی کوردستان دەرفەتی بۆ دروستبوو لە
میدیای ئەمریکی بکەوێتەوە بەر باس و تیمی ترەمپیش بریار ئەدەن لە بری مەزڵوم عەبدی، کوردێکی تر بانگهێشت بکەن کە نێچیرڤان بارزانی زۆرترین چانسی بۆ دروست بوو، هەم کوردە و هەم ناوێکی دیارە و خاوەن لۆبییەکی بەهێزە لە ئەمریکا و میدیای ئەمریکی ئاشنان پێی.
لە کۆبونەوەی داڤۆسی نێوان ترەمپ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، روون بوو ترەمپ بە مەبەست نێچیرڤانی وەک هاوتای مەزڵوم کۆبانی و شەرکەرێک دژی داعش پێشکەشکرد، هەروەها بەروونیش ترەمپ باسی لە رۆڵی ئەمریکا کرد لە پاراستنی بیرە نەوتییەکان لە (سوریا) چونکە لە عێراق هیچ بیرە نەوتێک نا پارێزێ بۆ کورد.
هەندێک پێیان وایە ترەمپ لە نەشارەزایی ئاوا قسەیکردووە بەڵام نا، ئەوە ترەمپ بۆ جمهوری خۆی قسە دەکات و مەبەستیەتی بە دەنگدەرانی بڵێ لە سیناتۆرەکان کە “کوردمان فەرامۆشک نەکردووە.”

بەڵام گرنگە بزانین هیچ پێشکەوتنێکی نوێ لە تێڕوانینی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان گۆڕاوە بە ئاراستەی باشتر یان ئەمە بەس شتێکی کاتییە و ئێمە تەنیا رۆڵی کۆمبارس دەبینین؟ ستراتیژی ئەمریکا زۆر لەوە ئاڵۆزترە لە داڤۆس یەکلای بکرێتەوە.

بەدڵنیایەوە ئێمە و ئەوانەی ئاگایەکمان لە سیاسەتی ئەمریکی هەیە متمانەمان بە ماشێتی پروپاگەندەی بارزانی نییە و پێشتر زۆر چیرۆکی فریودەری تریان وەک حەقیقەت بە خەڵک فرۆشتەوە و ئەنجامەکەش کارەسات بار بووە.
کات ئەنجامەکە رووندەکاتەوە کە من هیوادارم لەو فرستە کەمەی هەمانە دەرفەت لەدەست نەدەین و لە بری شان شانێنی وێنەگرتنی خێزانی لەگەڵ ترمپ، گرنگە گەرەنتی پشتیوانی ئەوان بکەین.