هەولێر

دكتۆر-ێكیش به‌ هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا-وه‌ گیانی له‌ده‌ستدا

نیشتمان-تۆڕی ھەواڵ

لوقمان غه‌فور
له‌ماوه‌ی یه‌ك رۆژدا ژماره‌ی مردن له‌ 45 كه‌سه‌وه‌ بوو به‌ 56 كه‌س

دكتۆر لیانگ ودۆنگ له‌به‌شی قوڕگ و لوت و گوێ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی هۆبی شینگوا كه‌ سه‌رقاڵی پێدانی چاره‌سه‌ر بووه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ رۆژی 25ی جێنیوه‌ری له‌ته‌مه‌نی 62ساڵیدا گیانی له‌ده‌ستدا.

به‌پێی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی نیوز ویك ماوه‌ی ده‌ركه‌وتنی نیشانه‌كانی ڤایرۆسی كۆرونا (nCoV-2019) له‌ دكتۆره‌كه‌ و مردنی ته‌نیا 18 سه‌عات بووه‌.

هه‌روه‌ها به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی چین رۆژی 25 ی جێنیوه‌ری ته‌واوی جیهانیان نائومێد كرد كاتێك له‌ماوه‌ی یه‌ك رۆژدا ژماره‌ی مردن له‌ 45كه‌سه‌وه‌ بوو به‌ 56 كه‌س.
تاڕۆژی 24ی جێنیوه‌ری ته‌نیا 45 كه‌س له‌ چین به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستدا به‌ڵام رۆژی 25 جێنیوه‌ری گه‌یشته‌ 56 كه‌س كه‌ ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ئه‌و پێشبینیانه‌ی رێكخراوی (WHO) یه‌.

هه‌روه‌ها ژماره‌ی تووشبووان به‌شێوه‌یه‌ك به‌رزبۆته‌وه‌ له‌ماوه‌ی رۆژێكدا كه‌ به‌رپرسانی ته‌ندروستی چینی تووشی شۆك كردووه‌ تا رۆژی 24 جێنوه‌ری 1429 كه‌س تووشی نه‌خۆشییه‌كه‌ بوو بوون به‌ڵام له‌ 25 جێنیوه‌ری گه‌یشتۆته‌ 1975 و له‌و ژماره‌یه‌ش 324یان له‌ دۆخێكی زۆر خراپدان.

ڤایرۆسی كۆرونا كه‌ به‌ (nCoV-2019) ناسراوه‌ جگه‌ له‌وڵاتی چین له‌ وڵاتانی فه‌ره‌نسا(3 حاڵه‌ت)، كۆریای باشور (3 حاڵه‌ت) ، ژاپۆن (2 حاڵه‌ت) ، نیپاڵ (1حاڵه‌ت) ، تایلاند (4 حاڵه‌ت) ، سه‌نگاپۆره‌ (3 حاڵه‌ت) ، مالیزیا (3 حاڵه‌ت) ، ڤێتنام (2 حاڵه‌ت) ، تایوان (1حاڵه‌ت) ، ئوسترالیا(1 حاڵه‌ت) ، ئه‌مریكا (2 حاڵه‌ت)ی لێ تۆماركراوه‌.

دكتۆرێكی نه‌خۆشخانه‌ییه‌كی شاری ۆوهان له‌ناوه‌راستی كه‌رتی هێبی به‌ كه‌ناڵی بی بی سی راگه‌یاندووه‌ كه‌ نه‌خۆشخانه‌كان پڕ بوون له‌ هه‌زاران تووشبوو بۆیه‌ تیمه‌كانی چاره‌سه‌ر و كه‌لوپه‌لی خۆپاراستنی پێویست به‌شی كارمه‌ندانی ته‌ندروستی ناكات. ده‌شڵێت:” حكومه‌تی چین 1200 كارمه‌ندی له‌ چه‌ند شارێكی تره‌وه‌ هێناوه‌ بۆ بنبڕكردن و پاككردنه‌وه‌ی ده‌رمانڕژێنی شاری ۆوهان كه‌ ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی 11 ملیۆن كه‌سه‌”.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی جێگه‌ی تێبینییه‌ رۆژنامه‌ی واشنگتۆن پۆست له‌راپۆرتێكیدا ئاشكرای كردووه‌ كه‌ كارمه‌ندانی ته‌ندروستی نه‌خۆشخانه‌كانی ۆوهان داوایان كردووه‌ كه‌ حه‌فازه‌ی گه‌ورانیان بۆ دابینبكه‌ن له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ كاتیان نه‌ماوه‌ بچنه‌ رێسروم و ده‌بلیو سی، جگه‌ له‌وه‌ی بۆ خۆگۆڕین و له‌به‌ركردنی هه‌ربه‌دله‌یه‌كی خۆپاراستن بۆ خۆشتن پێویستیان به‌ نیو سه‌عات ئه‌بێت ئه‌مه‌ش كاتی زۆریان ئه‌بات.

نه‌خۆشیی ڤایرۆسی كۆرۆنا بریتییه‌ له‌ هه‌وكردنی توندی قوڕگ و سییه‌كان و دواتر پوكانه‌وه‌ی گورچیله‌ و مردنی كه‌سه‌كه‌. زانایانی پزیشكی پێیانوایه‌ ئه‌مه‌ نه‌وه‌یه‌كی نوێی (سارس) ڤایرۆسی كۆرۆنا-یه‌. كه‌ بۆ هه‌مان خێزانی ئه‌و ڤایرۆسه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و نه‌خۆشییه‌كی تونده‌ و تووشی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌ ده‌بێت.

زانای ڤایرۆلۆجست پێوایه‌ كه‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌نێو شه‌مشه‌مه‌ كوێره‌دا سوڕی ژیانی ته‌واو ده‌كات و زینده‌وه‌رێكی تر ده‌یگوازێته‌وه‌ یان راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ بۆ مرۆڤ ئه‌ویش به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ شه‌مشه‌مه‌ كوێره‌كه‌ خواردێك ده‌خوات و پاشماوه‌كه‌ی به‌جێدێڵێت، دواتر به‌راز و سه‌گ و باڵنده‌كان ده‌یخۆن، یان راسته‌وخۆ شه‌مشه‌مه‌كوێره‌كه‌ له‌رێگه‌ی ماره‌وه‌ ده‌خورێت.