هەولێر

ڤایرۆسی كۆرۆنا گه‌یشته‌ ئیمارات

نیشتمان-تۆڕی هه‌واڵ-ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست
لوقمان غه‌فور

ئه‌مڕۆ 29ی جێنیوه‌ری یه‌كه‌م حاڵه‌ی تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا كه‌ به‌ (nCoV-2019) ناسراوه‌ له‌ ئیمارات تۆماركرا.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئیمارات رایگه‌یاند كه‌ خێزانێك 14 رۆژ له‌مه‌وبه‌ر سه‌ردانی شاری ۆوهان-ی كه‌رتی هێبی-یان كردووه‌، دوێنی 28ی جێنیوه‌ری له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ كاتێك سه‌رۆكی خێزانه‌كه‌ سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی كردووه‌ بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌یه‌ و خراوه‌ته‌ ژێر چاودێری وردی پزیشكییه‌وه‌.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌به‌یانێكدا كه‌ سی ئێن ئێن بڵاویكرده‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌دوای ئه‌و حاڵه‌ته‌وه‌ ئه‌مڕۆ 29ی جێنیوه‌ری ته‌واوی رێنمایی ته‌ندروستی و خۆپارێزی له‌ شه‌قام و شوێنه‌ گشتییه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و داواش له‌ هاووڵاتیان كراوه‌ سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌كان بكه‌ن بۆ پشكنین.

له‌به‌یاننامه‌كه‌دا وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی رایگه‌یاندووه‌ كه‌ دۆخی ته‌ندروستی نه‌خۆشه‌كه‌ جێگیره‌و خراوه‌ته‌ ژێر چاودێری وردی پزیشكی و جیاكراوه‌ته‌وه‌ له‌ ژورێكی تایبه‌ت.

به‌ وڵاتی ئیماراته‌وه‌ 16 ده‌وڵه‌ت نه‌خۆشییه‌كه‌ی تێدا بڵابۆته‌وه‌. به‌رپرسانی پزیشكی له‌ چین-یش ئه‌مڕۆ ئامارێكی نوێ-یان راگه‌یاند كه‌ له‌ ماوه‌ی 24 سه‌عاتی رابردوودا مردن له‌ 106 كه‌سه‌وه‌ بووه‌ به‌ 132، هه‌روه‌ها ژماره‌ی تووشبووانیش له‌ 4هه‌زار و 550 كه‌سه‌وه‌ گه‌یشته‌ 6 هه‌زار كه‌س.

نه‌خۆشیی ڤایرۆسی كۆرۆنا نه‌خۆشییه‌كه‌ تووشی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌ ده‌بێت، نه‌خۆشه‌كه‌ هه‌ست به‌ تایه‌كی به‌رز و كۆكه‌ و سووتانه‌وه‌ی گه‌روو ده‌كات.