هەولێر

دایه‌ له‌ جه‌نگدایه‌، ئه‌زیزم.. دایه‌ له‌ جه‌نگدایه‌

نیشتمان-بیروڕا
لوقمان غه‌فور

ئیتر بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو توانا جه‌سته‌ییه‌كانیان له‌ پێناو نه‌خۆشدا سه‌رفبكه‌ن، بڕیاریاندا قژیان ببڕن و دواتر سفری بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌وان له‌جه‌نگدان.

تیمی پزیشكی نه‌خۆشخانه‌ی رینمین له‌ زانكۆی وۆهان به‌تێكڕا بڕیاندا كه‌ ئیتر ئه‌وان قژیان بۆچییه‌، ئه‌گه‌ر نه‌خۆشێكی به‌رده‌ستیان، به‌هۆی سه‌رفكردنی نیو سەعاتی خزمه‌تكردنی قژیانه‌وه‌، بمرێت؟

بڕیاریاندا بجه‌نگن دژی كوشنده‌ترین زینده‌وه‌ری سه‌رزه‌مین ئه‌ویش ڤایرۆسی كۆرۆنایه‌. ئه‌وان ئه‌یانه‌وێت زۆرترین كات بۆ ئه‌م شه‌ڕی مام و نه‌مانه‌ سه‌رفبكه‌ن، چونكه‌ پێیان وایه‌ قژیان دووباره‌ سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌، به‌ڵام كه‌ مرۆڤێك مرد سه‌رهه‌ڵناداته‌وه‌.

ئه‌م تیمه‌ پزیشكییه‌ په‌ی به‌وه‌ده‌به‌ن، به‌ پاره‌ی سه‌رفكردنی یه‌ك ملیلیتر شامپۆ له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌یان، ئه‌توانن ماسك یان ده‌مامكێكی بۆ نه‌خۆشێك پێبكڕن. ئه‌م خۆبه‌ختكردنه‌، ئه‌م گیانفیداییه‌، ته‌نیا كه‌سه‌ ئازاو میلله‌ته‌ ئازاده‌كان، ئه‌توانن به‌دیدبێنن بۆ گه‌له‌كه‌یان.

چین ئێستا نه‌خۆشه‌، به‌ڵام سوپه‌رفایزه‌رێكی وه‌ك (شان شینگ)-ی شه‌ڕكه‌ری هه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ڤایرۆس ئه‌جه‌نگێت. ئه‌و هه‌واڵ و چیرۆكانه‌ی رۆژانه‌ له‌میدیای ئه‌مریكی ده‌یانخوێنمه‌وه‌، بریتییه‌ له‌ شه‌ڕی مان و نه‌مان له‌گه‌ڵ زینده‌وه‌رێك كه‌ نه‌ك به‌چاو نابینرێت، نه‌ هه‌ستی پێده‌كرێت تا له‌ناكاو له‌ جێیه‌كدا له‌گه‌ڵ زه‌وی یه‌كسانت ده‌كات.

ئه‌م تیمه‌ پزیشكییه‌ پێیانوایه‌ بە نه‌مانی قژیان، ته‌ندروستی زیاتری نه‌خۆشه‌كانیان ئه‌پارێزن. له‌هه‌مانكاتدا له‌بری شوشتن و رازاندنه‌وه‌ی قژیان و رێكخستنی، ئه‌و ده‌یان ده‌قیقه‌یه‌ بۆ رزگاربوونی یان باشبوونی مرۆڤێك ته‌رخانده‌كه‌ن.

رۆحی گیانفیدایی، رۆحێكی مه‌زنه‌ له‌ ناو ئینساندا، میلله‌تان له‌هه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا كه‌ ناخۆشی روویتێكردوون، ژماره‌یه‌كی هاوشێوه‌ی ئه‌م تیمه‌ به‌رۆحی گیانفیداییه‌وه‌ توانیویانه‌ گره‌و له‌مه‌رگ بكه‌ن و شه‌ڕ له‌دوژمن به‌رنه‌وه‌. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ چین ده‌گوزه‌رێت روداوێكی پزیشکیی و بایۆلۆژیی و سروشتییه‌ كه‌ مرۆڤایه‌تی له‌هه‌موو كاتێكدا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ رووبه‌ڕووی بێته‌وه‌، كه‌واته‌ پێویستی به‌ رۆحی گیانفیداییه‌.

شان شینگ –ی 30 ساڵ كه‌ خاوه‌نی دوو منداڵه‌، وه‌ك سوپه‌رڤایزه‌ری تیمی پزیشكی نه‌خۆشخانه‌ی رینمین له‌ زانكۆی وۆهان به‌هاورێكانی وتووه‌: من قژم سفر ئه‌كه‌م، چونكه‌ كاتم نه‌ما بۆ رێكخستنی، ئه‌مه‌وێت چین نه‌مرێت. به‌دوایدا تێكڕای ژنانی نه‌خۆشخانه‌كه‌ وتوویانه‌ ئێمه‌ش به‌شێكین له‌م كار و رۆحی به‌رگرییه‌.

ئه‌م تیمه‌، ژیان به‌جۆر و ره‌نگێكی تر ئه‌بینین، وایئه‌بینن ژیان له‌چین پێویستی به‌ قژی درێژ و رازاوه‌ و باقوبریق نه‌ماوه‌، چین پێویستی به‌ ته‌كنه‌لۆژیایی قه‌به‌ و قسه‌ی پیاوانی ئابووری نه‌ماوه‌، چین ئێستا پێویستی به‌وه‌یه‌ رۆحی بكرێته‌وه‌ به‌به‌ردا، كه‌واته‌ له‌م تێڕوانینیه‌ ساده‌یانه‌وه‌ بۆ ئه‌مان قژی كه‌شخه‌ و باقوبریق زیانی زیاتره‌ له‌قازانج.

له‌نێو ده‌یان پرچی ره‌شی قه‌ترانی و قاوه‌یی و كه‌سته‌نائی كه‌وتوو له‌سه‌ر زه‌وییه‌كه‌، هاورێیه‌كی شان، به‌جه‌سووریه‌وه‌، پێداگری له‌وه‌ده‌كات قژی ببڕن بۆئه‌وه‌ی خێراتر ژیان بكاته‌وه‌ به‌به‌ر نه‌خۆشێكدا. لای ئه‌و كات نه‌ماوه‌ بۆ خۆی. ئه‌و راستگۆیه‌ له‌چین-ی دراگۆن، 18 سه‌عات به‌به‌رده‌وامی كارده‌كات، ئیتر چی تیائه‌مێنێت بۆ خودی خۆی.

ئه‌م گروپه‌ بوون به‌ ره‌مزی به‌رگری له‌ چین. شان شینگ له‌دوای بڕینی پرچه‌ ره‌شه‌ بریقه‌داره‌كه‌ی، منداڵه‌كه‌ی ته‌له‌فۆنی بۆ ده‌كات كه‌ به‌یانی سه‌ری ساڵی چین-یه‌ و كه‌ی دێیته‌وه‌ وه‌ك ساڵانی رابردوو بچن بۆ گه‌شت و گه‌ڕان. به‌گریان و ناڵه‌وه‌ پێیده‌ڵێت:”دوای ئه‌م جه‌نگه‌، ئه‌زیزم.. دوای ئه‌م جه‌نگه‌.. دایه‌ له‌ جه‌نگدایه‌، دوای ئه‌م جه‌نگه‌ پێكه‌وه‌ ئه‌چین بۆ یاری، كاتێكی پڕ خۆشی پێكه‌وه‌ ده‌به‌ینه‌سه‌ر”.