هەولێر

سەودای سەدە یان گاڵتەجاڕی سەدە

نیشتمان-بیروڕا

بورهان ڕه‌ئوف

دواجار دوای سێ ساڵ لە سەرۆکایەتی ترەمپ، ئەو پڕۆژەیەی کە بانگەشەی بۆ دەکرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی درێژخایەن و ئاڵۆزی عەرەب – ئیسرائیل، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو واتە ٢٨/١/٢٠٢٠، ئاشکرای کرد کە خۆی و کۆشنەری زاوای ئەندازیاری ڕاستەوخۆی بوون.
پلانی پرۆژەکە

پلانی کورت و پوختی پرۆژەی سەودای سەدە، ئەوەیە کە دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینییە بەمەرجگەلێکی زۆر قورس و قەتیسکەر و لکاندنی ھەموو کۆمەڵگە نێشتەجێبوونە جوولەکەنیشینەکانی دۆڵی ئوردن و کەرتی خۆرئاوایە بە دەوڵەتی ئیسرائیلەوە و لە گۆڕنانی  ئومێد و مافی گەڕانەوەی ھەموو ئاوارەو پەناھەندە فەلەستینیەکانە بۆ سەر خاکی خۆیان .

مەرجەکان بۆ دەوڵەتی فەلەستین:

١-دەبێت فەلەستینییەکان بە فەرمی دان بە بوونی دەوڵەتی ئیسرائیلدا بنێن کە دەوڵەتێکی یەھوودیە .

٢-ڕەتکردنەوەی ڕاشکاوانەی تیرۆر بە ھەموو جۆرەکانیەوە .

٣-ئەگەر فەلەستینیەکان قایل بوون بە دانو ستان لە گەڵ ئیسرائیلدا بەرامبەر ئەو دەوڵەتەی  کە بنیامین ناتەنیاھۆ لە ڕووی پرنسیپەوە ڕازی بووە پێ ی ئەوا ئەو دەوڵەتە دەبێت بێ چەک بێت واتە داماڵراو بێت لە چەک .

٤-ئیسرائیل بەرپرسیارە لە پاراستنی باری ئاسایش و چاودێری ئاسمانی ئەو ناوچانە لە خۆرئاوای  دۆڵی ئوردون، ھەروەھا  کەرتی غەزەش کەلە بندەسەڵاتی حەماسدایە دەبێت لە چەک داماڵراو بێت .

ئایندەی کۆمەڵگە جوولەکەنیشینەکان

ئەمریکا ئامادەیە بە فەرمی ئەوەبناسێت، کە ھەموو ئەو کۆمەڵگە نیشتەجێبوونانەی کە خاکی عەرەبەو ئیسرائیل بە زۆر داگیریکردووە و ببنە بەشێک لە دەوڵەتی عبری، کە ٣٠% خاکی کەرتی خۆرئاوا دەبێتە بەشێک لە ئیسرائیل .

لە ھەمانکاتدا، واشنتۆن ئامادەیە بە فەرمی دەسەڵاتی ئیسرائیل بە سەر دۆڵی ئوردونیشدا بناسێت کە ناوچەیەکی ئیستراتیجی گرنگە لەسەر سنووری شانشینی ھاشمی ئوردون .

لە بەرامبەر ئەمەشدا، فەلەستینییەکان خوازیارن دەوڵەتێک دابمەزرێنن کە ھەموو ئەو خاکانە بگرێتەوە، کە ساڵی ١٩٦٧، داگیرکراون بە قودسیشەوە .

لەلایەکی ترەوە، سەرۆک ترەمپ دەڵێت ئەو نەخشەو پڕۆژە پێشنیارکراوەی ئێمە بۆ دامەزراندنی دوو دەوڵەتی فەلەستینی و ئیسرائیلییە و خاکی دەوڵەتە فەلەستینییەکە دوو ھێندە زیاد دەکات لە پرۆسیسێکدا کە گۆڕینەوەی خاکە لە نێوان دەوڵەتی عیبری و فەلەستینییەکاندا.

لە بەرامبەریشدا جارێکی تر ئیسرائیل بەڵێن دەدات کە بۆ ماوەی چوارساڵ ھەموو پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون، سڕ دەکات و ئەویش ئەو ماوەیە کەفەلەستینییەکان دەتوانن چاو بخشێننەوە بەو بڕیارەی کە ئەم پلانەیان ڕەتکردۆتەوە.

قودس

ئەگەرچی لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپ قودس بە فەرمی بە پایتەختی دەوڵەتی ئیسرائیل ناسرا و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە گوێزرایەوە بۆ قودس، کە پێشتر ھیچ سەرۆکێکی ئەمریکا قایل نەبوون ئەو ھەنگاوە ھەستیارە بنێن لە بەر ئاڵۆزی و سەختی ئەو بابەتە بەلای عەرەب و فەلەستینییەکانیشەوە بە تایبەتی، بەڵام ترەمپ بە پێچەوانەی بەڵێن و ھەنگاوەکەی پێشتریەوە لەم پلانەدا باسی ئەوە دەکات  کە قودسی ڕۆژھەڵات پایتەختی دەوڵەتی فەلەستینییەکان بێت و بەشە خۆرئاواییەکەی پایتەختی دەوڵەتی ئیسرائیل بێت، ئەوەشی پەیوەندی بە شوێنە پیرۆزەکانەوە، ھەیە ترەمپ دەخوازێت بارودۆخی ئێستای قودس وەکو خۆی بمێنێتەوە واتە حەرەمی قودسی و جەبەل یەھود لەبندەستی جوولەکەکان بێت و مزگەوتی ئەقساش لە ژێر سەرپەرشتیاری ئوردندا بێت .

دەوڵەتیێکی لەیەک دابڕاو و پچڕ پچڕ لەسەر خاک

ھەروەکو دەزانین کێشەی گەورەی دەوڵەتی فەلەستین ئەوەیە، کە ھەموو ناوچەکانی بەش بەش کراوەو بە دەم یەکەوە نین و کۆمەڵگە نیشتەجێبوونە جوولەکەنیشینەکان لە نێوان ناوچە عەرەب نیشینەکاندا، پلانەکەی ترەمپ وسەودای سەدە ئەوەیە کە لە ڕێگەی تونێل و شەمەندەفەری زۆر خێراو تۆڕی گەیاندن و پێکەوەبەستن بە تەکنۆلۆجیای نوێ بۆ گواستنەوەی شتوومەک و ھاوڵاتییان لە نێوان کەرتی غەزەو کەناری خۆرئاوا بەیەکەوە ببەسترێنەوە.

کێشەو ئایندەی پەنابەرانی فەلەستینی

وەکو پێشتریش ئاماژەم پێدا مافی گەڕانەوە لە گۆڕنراوە و نابێت فەلەستینییەکان ڕۆژێک لە ڕۆژان بەتەمای ئەوەبن بگەڕێنەوە بۆ سەر خاک و ماڵی خۆیان و بەتایبەتی ئاوارەکانی ساڵی ١٩٦٧، چارەسەری سەودای سەدە بۆ ئاوارەکان ئەوەیە دەتوانن بگەڕینەوە بۆ ئەو دەوڵەتە فەلەستینییەی کە دادەمەزرێت، یان لەو وڵاتانەی کە ئێستا دەژین بمێننەوەو ببنە بە ھاوڵاتی ئەو وڵاتە .

ھەر لەو چوارچێوەدا ترەمپ، ھەموو یارمەتی و کۆمەکە داراییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆنروا وەستاند ئەو ئاژانسەی نەتەوەیەکگرتووەکان کە تایبەتە بە ئاوەرەکانی فەلەستین، بەڵکو بەڵێنی داوە کە ھەموو تواناکانیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی ئاوارەو پەناھەندە فەلە ستینییەکان نیشتەجێ بکەن لەو وڵاتانەی کە ئێستا تێ یدا دەژین .

وڵاتانی عەرەبی و سەوزدای سەدە

ھەرچەندە باڵیۆزی ھەندێک لە وڵاتانی کەنداو وەکو سوڵتان نشینی عومان و ئیمارات وبەحرین ئامادەی پرێس کۆنفرانسی ڕاگەیاندنی پڕۆژەکەی ترەمپ بوون کە زۆر بە گەرمی سوپاسی ھەوڵ و کۆششەکانی کردن و لە ھەمان کاتیشدا ئوردن بە وریاییەوە لە پڕۆژەکەی ڕوانی تەحەفوزی لەسەر چەند خاڵێکی ھەبوو، میسریش خوازیاری ئەوەبوو کە خوێندنەوەی وردی بۆ بکرێت و عەرەبستانی سعوودیەش وتی ھەنگاوەنی سەرۆک ترەمپ بەرز دەنرخێنین و ھەروەھا فەلەستینیەکان و ئیسرائیل ھان دەدەین بۆ دانوستانی ڕاستەخۆ لە ژێر چاودێری ئەمریکادا، ھەروەھا ئەمریکا لە وڵاتانی عەرەبی دەخوازێت کە فشار لە فەلەستینییەکان بکەن کە ئەم پڕۆژە پەسەند بکەن و سوود لەو بڕ پارە زۆرەی کە بڕیارە ٥٠ ملیار دۆلار خەرج بکرێت لەماوەی دە ساڵدا بۆ فەلەستین وەبەربھێنرێت .

لە کۆتاییدا پێویستە ئەوە بڵێم، کە ھەرچەندە ئێستا فەلەستینییەکان بێ پشت و پەنا ماونەتەوە لە جیھانی عەرەبیدا ئێستا عەرەبەکان ئێران بە دوژمنی ژمارەیەکی خۆیان دەزانن نەک ئیسرائیل، ماوەتەوە ئومێدیان بە ئێران و تورکیا کە ئێستا لە ھەوڵی ئەودان خۆیان بکەنەوە بە دەمڕاست و جێنشینی خەلافەتی ئیسلامی عوسمانی و سفەوی کە ئەوەش تا ڕادەیەکی زۆر جێگەی گومانە لە م جیھانە جەنجاڵ و پڕ کێشەو دژبەیەک و بەرژەوەندی خوازییەدا، خاڵێکی لاوازی تری ئەم سات و سەودا نامەیە ئەوەیە کە یەک لایەنەیەو کورد لە مێژە وتوویەتی چەپڵە بە دەستێک لێنادرێت، فەلەستینییەکان نەچنە ژێرباری ئەم سەودایە، بۆیە دەڵێن ئەمە گاڵتەجاری سەدەیە نەک سەودای سەدە.