هەولێر

چۆن دەزانیت ئۆتۆمبێلەکە کلین تایتڵه‌ (clean title) ؟

نیشتمان-ئابووری

فوئاد هه‌ورامی

وه‌ك ئاشكرایه‌ كاتێك شۆفێرێك به‌نیازه‌ ئۆتۆمبێل بكڕێت، ده‌توانێت یان نوێ یان به‌كارهاتوو بێ كێشه‌‌و لێدراو كه‌ ئێستا له‌پێشانگاكانی ئۆتۆمبێل پێی ده‌ڵێن “كلین تایتڵ” (clean title)، یان به‌كارهاتووی لێدراو كه‌ پێشتر تووشی ڕووداوی هاتوچۆ هاتووه‌ بكڕێت، ئه‌ویش به‌گوێره‌ی حه‌ز‌و خواستی شۆفێر‌و توانا داراییه‌كه‌ی.

دامه‌زراوه‌ی (دیكرا)ی ئه‌ڵمانی تایبه‌ت به‌تاقیكردنه‌وه‌ی هونه‌ری ئۆتۆمبێل، له‌و باره‌یه‌وه‌ له‌نوێترین ڕاپۆرتیدا بڵاویكرده‌وه‌، پێویسته‌ شۆفێر پێش كڕینی ئۆتۆمبێل دڵنیاببێته‌وه‌ كه‌ پێشتر ڕووداوی هاتوچۆی پێنه‌كراوه‌‌و به‌وردی پشكنین، بۆ هه‌موو به‌شه‌كانی ئۆتۆمبێله‌كه‌ بكرێت.
به‌وته‌ی شاره‌زایانه‌ ئه‌و دامه‌زراوه‌ ئه‌ڵمانیه‌، گرفته‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ كه‌سانی ئاسایی ئه‌وه‌نده‌ ئه‌زموونیان نییه‌، دڵنیا ببنه‌وه‌ ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ی ده‌یكڕن ڕووداوی هاتوچۆی پێكراوه‌ یان نا، واته‌ ناتوانن به‌ته‌نها به‌شت به‌ستن به‌خۆیان، بزانن ئۆتۆمبێله‌كه‌ كلین تایتڵه‌.
بۆ نموونه‌ وه‌ك زۆرێك له‌شۆفێران ده‌زانن، به‌ته‌نها ته‌ماشاكردنی ئاسایی كه‌سه‌كه‌ ناتوانێت دڵنیاببێته‌وه‌ كه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ ڕووداوی هاتوچۆی پێكراوه‌‌و به‌شێك یان زیاتری دووباره‌ بۆیاخی نوێكراوه‌ته‌وه‌، له‌و حاڵه‌ته‌شدا ده‌بێت ببرێت بۆ لای كه‌سانی پسپۆڕ پشكنین بۆ به‌شه‌كانی ده‌ره‌وه‌‌و ناوه‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ بكرێت، هاوكات بۆ دڵنیاتبوونه‌وه‌ ئێستا له‌هه‌رێمی كوردستانیش ده‌توانرێت سۆنار بۆ ئۆتۆمبێله‌كه‌ بكرێت.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێك نیشانه‌ له‌ئۆتۆمبێلی لێدراودا ده‌مێنێته‌وه‌، دوای چاككردنه‌وه‌ وه‌ك، باش دانه‌خستن‌و جووت نه‌بوونی ده‌رگا، جیاوازی له‌ڕه‌نگی ئۆتۆمبێلدا، بوونی جیاوازی له‌داخورانی هێڵی تایه‌كان‌و نه‌مانی هاوسه‌نگی ئۆتۆمبێل له‌ڕێگه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌كاتی لێخوڕیندا به‌لایه‌كدا ده‌ڕوات.
دامه‌زراوه‌ ئه‌ڵمانیه‌كه‌ ئامۆژگاری شۆفێران ده‌كات، كاتێك ئۆتۆمبێل ده‌كڕن، پێویسته‌ پشكنینه‌كه‌ی بسپێرن به‌كه‌سانی پسپۆڕ یان ئه‌ندازیاری میكانیكی پسپۆڕ له‌بواری ئۆتۆمبێل، بۆئه‌وه‌ی به‌ئه‌زموون‌و ئامێری تایبه‌ت ده‌ربكه‌وێت ئۆتۆمبێله‌كه‌ كلین تایتڵه‌‌و لێدراوی نییه‌، ئه‌گه‌ر ئۆتۆمبێله‌كه‌ ده‌فته‌ری تایبه‌ت به‌خزمه‌تگوزاری ‌و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی تێدا بوو باشتره‌ ته‌ماشای بكرێت‌و بخوێندرێته‌وه‌‌و پرسیار له‌هۆكاری فرۆشتنی ئۆتۆمبێله‌كه‌ له‌خاوه‌نه‌ پێشووه‌كه‌ی بكرێت.
له‌پێشانگاكانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل له‌هه‌رێمی كوردستان، به‌گشتی ماوه‌ی (24) كاتیژمێر داده‌نرێت بۆئه‌وه‌ی كڕیار پشكنین بۆ ئۆتۆمبێله‌كه‌ بكات‌و ئه‌گه‌ر كێشه‌ی هه‌بێت بیگێڕێته‌وه‌ بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی، بۆیه‌ پێویسته‌ شۆفێر پله‌ بكات له‌ماوه‌ی دیاریكراودا هه‌موو پشكنینه‌كان (پكشنینی گێر، بزوێنه‌‌و بۆیاخ‌و سۆنار‌و پشكنینی لافاو) بۆ ئۆتۆمبێله‌كه‌ بكات.