هەولێر

بەرلــەوەی لــەگەڵ نیشتــمان لــێك بترازێین 

نیشتمان-بیورڕا
جیھاد جۆڵا
ئێمە و نیشتــمان نەئەوەیە یەكمان خۆشبووێت و نەئەوەشە ڕقمان لەیەكتربێت، تەنھا شتێك لە نێوانمان نەبێت پەیوەندی عاتفیە، ھەروا سادە نەگەیشتووینە ئەم ئەنجامە، ساڵانێكە ژیان ئەزموون دەكەین لەگەڵ نیشتــمان. نیشتــمان بۆ ئێمە سیمبولێكی ھەتاھەتاییە، نەك وەك ئەوانەی نیشتــمانیان بۆ بێباكی و یاخی بوونی خۆیان دەوێت؛ یان وەك ئەوانەی دەیانەوێت بەداگیركردنی نیشتــمان شتێكی نەگیراو و ئەستەم و ئەفسانەیی لەخۆی نزیك بكەنەوە، و دەبنە درندەیەكی سامناك و ترسناك لە پشتەوەڕا ھەموو سەحنەكانی نمایش دیكۆردەكەن، بەم نمایشە دەیانەوێت لەترسی ھەمیشەیی خۆیان كەم بكەنەوە.

ئەورۆژە كە لە نیشتــمان زیــزبووین، سەرمان پریبوو لەھەوای جـەنگ، لە پــلان و خەیــاڵاتی ئەو نەخشە گونجاوانەی دەشێت لەپەلاماری داھاتودا بگیرێنەبەر؛ بەجۆرێك فیكرو غایلە نقومی ھەوای جـەنگ ببوون، بەڵام ئاشکرابوو “ھەندێـك گۆرانكاری لەدونیادا ھەیە بێ ئێمەو بێ حەماسەتێكی زۆر لەكەسانێكی وەك من یان ھەركەسێكیتردا دێنە پێش، پێویستناكات ئێمە خۆمانی وا بۆ بــرەتێنیـن”. تێگەیشتــین نیشتــمان سەرەڕۆو ھەڵپەیە، بەجـۆرێك بەرگەی مانەوەی بەشێوازی ئێستا ناگرێت و گۆرانێكی واخێراش لەجەوھـەریدا ناكرێت ڕووبدات بەوخێراییەی ئەو خوازیارە، ئەو میكـیاژە بەپەلەیەی لەگەڵ قۆناغەكەدا خوازیارە بیكات ئەگەرچی وای لێدەكات جوان و گونجاو دەربكەوێت، بەڵام ناتوانێت و نەیتوانیەوە جـەوھەری خۆی بشارێتەوە. نیشتــمان بەجۆرێك گۆراوە، كە بۆ ھەموو ھەنگاوێكی ھەڵە، كۆمەڵێك پاساوی نالۆژیكی و ئایدۆلۆجی و فەلسەفی و ھەندێكجار دینیش كۆدەكاتەوە بۆ پاساودانی خنكاندنی سروشتی خۆی. تەنانەت ھەندێجار كۆمەڵێك شارەزا و پسپۆری جیاواز لە ئەرك بارئەكات بۆ پاساودان؛ وەك ئەوەێ ھەموو ھێزی خۆی بۆخنكاندنی سروشتی خۆی بەكاربەرێت وەھایە.

ھەندێكجار خەتای نیشتــمانیە، ھەرنیشتــمانێك سەرمایەداری دەستی بەسەر ھەواكەی داگرت دەبێتە روكــەش و بــەس، ھەرسەرمایەداری نیە، زۆرجار ئایدۆلۆژیایەكی خودی وادروست دەبێت كە ھەموو فرینێك بەمەترسی دەزانێت لەسەر كۆیلەبوونی خۆی بۆ ناتەبیعی بوون، كە سەرمایەداری گلۆباڵی تاوانێكی وای لەپاڵدان و فوتێكردنیدانیە، تەنھا بەھانەیەكەو ھێچی تر… سەرســام نابین كاتێــك دەبینین نیشتــمان دەیەوێت ھەمووان وەكو خۆی بكاتە كۆیلەی ھەواو ھەوەسی ئایدۆلۆژیایەكی ماسكدا؛ دیارە (فــزوڵی نیشتــمان زۆر بەھێزترە لە ئەخــلاقی) ھەمیشە دەیەوێت ھەمووشتێك بزانێت، ھەمووشتێك ببینێت، تەماشای ژیانی نھێنی ئەوانیدی بكات، نیشتــمان تا نقومی بكەی لەنھێنی ئەوانیتردا تێر ناخوات، دەڵێ: بمدەرێ، زیاتر ژیانی ئەوانیترم بۆ ئاشكرابكە، پێم بڵێ چی دەكەن، تا بتوانم پێیان پێبكەنم، بەرزیان بكەمەوە، سوكایەتیان پێبكەم، بۆیان بگریم. پێیان بڵێم (دەزانم خەریكی چین!)، بەونیگایە بیانترسێنێت وبیانخاتە ژێردەستی خۆی..

زۆر بەئاشكرا دیارە، ئەم نیشتــمانە توشی نەخۆشی نه‌خۆشی بووە، تائێسات نەگونجاوە لەگەڵ نیشتــمان لەسەر مێزێك بەیەكەوە دابنیشین، نازانم ئێمە خواستمان نەبووە یان نیشتــمان بەردەوام خۆی دزیوەتەوە لە وەھادانیشتنێك، بەڵام كە ڕۆژێك دابنیشین یەكەم شت كەدەیبیستێ لمانەوە، ئەوەیە ئەو بەراستی نەخۆشەو تاعونێكی ئێجگار سەختی گرتووە كەپارێزێكی تەواو نەكات ڕەنگە ئەم تاعونە سەری بخوات. ئەوەی نەیھێشتوە ئێمە و نیشتــمان ھیچ عاتیفەیەك بێتە نێوانمان ئەوەیە نیشتــمان بۆ خۆی كارناكات و خۆی و سروشتی خۆی خۆشناوێت، بەپێچەوانەوە ئێمە كە ھەمیشە بۆ خۆمان كاردەكەین، تائێستا گوناھێكمان نەكردووە كە گوناھی خۆمان بێت.

نیشتــمان دەمامكێكی خستۆتە سەردەموچاوی خۆی ئیتر تەواو. دەبێت ھەمووژیانی خەریكی ئەوەبێت دەمامكەكەی نەكەوێت، بەگوێیدا دەچرپێنین ئێمە بۆیە بەختەوەرین، چونكە ئەوەندە ھێزمان ھەبووە بتوانین دەمامك نەكەینە سەرمان، ژیانی خۆمان لەوەدا سەرف نەكەین خەریكی دەمامك بین، پێویستمان بەوەنەبووە دەستكاری دەموچاوی خۆمان بكەین؛ دەمانتوانی بڵێین ئەوە ئێمەین ….. ئەم پیاوەو تەواو… نازانم بۆچی، بەڵام ئەگەریش بتوانین لەوانەنیە لەم دیدارەدا پێی بڵێین نیشتــمان بۆ بۆتە بوونەوەرێك خۆی نەوێت، بۆ وەك مرۆڤ ناتوانێت شێوەژیانی خۆی قبوڵ بكات؟ مرۆڤ دەتوانێت! بەڵام پێی دەڵێین كە چ دەستخەڕۆیەكی گەمژەیە، كە جاری واھەیە سەدان ساڵ دەچێتە جەنگێكەوە لەپێناو یەك وشەدا، وشەیەك وەك خودا، نەتەوە، چەوسانەوە، رزگاری بێئەوەی ئەو وشەیە ئەو نرخەی ھەبێت، ئەگەر بتوانین بۆی دەسەلمێنین شۆرش بۆ نیشتــمان ئەوەنیە كۆمەڵێك مەلایكە خەنجەرو چەقۆو بۆكس و دەمانچە لەخۆیان باڵێنن و بەتاقم بگەرێن و لە شەقامەكان رووی نیشتــمان ڕەش كـەن. ئەگەر كەشی دانیشتەكە گونجاو بێت و ڕەشەبا ناچارمان نەكات خەیاڵمان لای كۆترەكانمان بێت، پێیدەڵێین ھێندەی ئــەو ئاشقی ھەندەرانە كۆترەكان ھێندە ئاشقی نین، پێیدەڵێین بــاش گوێبگرە نیشتــمان “ئەوروپا وەك قارەو ھەرشتێكی تر كەھەیەتی گرنگە، بــەڵام بەپێچەوانەوە لەو مونتەڵەقەوە حسابی بــۆ ناكەین شایەنی ئەوەبێت كۆترە گەنجەكان و خێزانی ئەم نیشتــمانە خۆی بۆ بخەنە دەریا(البحر)ەوە، لەڕاستیدا ئەو بەھەشتەنیە كە وێنات كردووە لە خەیاڵی خۆتدا، پێمان باشترە لەسەر نیشتــمان و بۆ نیشتــمان و تەبیعەتی نیشتــمان بمرین، ھەندەران ھەرئەوەندە دروستە كە لەفكرا گلۆباڵیە اما لە اعمالا ئەبێ لۆ كاڵی بین، ئەو بۆنی شەرابەی ئێوەی مەستی ھەندەران كردووە كۆترەكانمان بۆ خۆ خاڵی كردنەوەش نافرن بۆی.

‎لێی دەپرسین ماندوونەبووە لەجەنگی نێوان ئایدۆلۆژیاكان، جەنگی نێوان نەتەوەپەرست و دیموكراتەكان، جەنگی نێوان چەپ و سەرمایەداری، جەنگێكی بێ مانا نە بوو؟…جەنگێك كە لەدەوری دووخەیاڵ سوڕاوەتەوە كە نیشتیمان بڕوای بەخۆی ھێناوە كە بونیان ھەیە، بێ ئەوەی بونیان ھەبێت، جەنگی ھەرفكرێ ھەر دینێك بە ئیسلامیشەوە بۆ ئەوەیە خزمەتی مرۆڤ بكات، بەڵام ھەر ئایدۆلۆژیایەك یان ھەر ڕەگەزێكی كەمرۆڤ دروستی كردوە لەژێر ڕەمزەكانیەوە ڕەگەزەكانی دەكرێت بـەكــاڵا، ئەوەش جەنگێكی ترسناكە، نەك جەنگی جیاوازی (مرۆڤ و مرۆڤ) یان جیاوازی ( نیشتــمان و نیشتــمان) جا ھەرپێكھاتەیەكی فیسۆلۆجی یان شێوازێكیتر ھەبێت جیاوازیەكان بەشێكن لەژیان. ‎دواقسەمان بۆ نیشتــمان كە ناتوانین بەدەمی پێی بڵێین، لەسەر وەرەقەی تێبینەكان بۆی دەنوسین و لەگەڵ ڕۆیشتنمان ئەیخەمە بەردەستی، دەنوسین” مرۆڤ وەك پەیكەرێك و شكلێك پیرۆزە لای دروستكراو ئێمە بۆ بێرێزی پێبكەین؟ ھیچ سەرۆكێك پێی خۆشنیە بزانێت ژێردەستەكەی سوكایەتی پێكراوە؛ ھیچ نیشتــمانێك نایەوێت بزانێت كۆترەكانی باڵیانكراوە؛ ھیچ خالقێك قبوڵ ناكات سوكایەتی بەمەخلوقەكانی بكرێت؛ ھیچ باوانێك نیە روحی ساواكانی خۆی ئەزیەتبكات ؛ تەنانەت بەنھێنیش، ئەونھێنیەی كەھیچ دەرگایەك نیە مرۆڤەكان بڕۆنە ناوی دەرگای كتیب و خەون نەبێت”