هەولێر

حكومه‌تی چین به‌ ده‌مامكه‌وه‌

نیشتمان-تۆڕی ھەواڵ-جیھانی
لوقمان غه‌فور

رۆژنامه‌ی زه‌ ئۆكلاهۆما له‌ ژماره‌ی ئه‌مڕۆ 5ی مارچ راپۆرتێكی ده‌رباره‌ی شاری ۆوهان بڵاوكردۆته‌وه‌و تێدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ له‌دوای ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی كۆرۆنا ڤایرۆس (COVID-19) له‌شاره‌كه‌، خه‌ڵكی شاره‌كه‌ هێشتا ئومێدیان بۆ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و رۆژ به‌ڕۆژیش ئاماره‌كان خه‌ڵكه‌كه‌ بێهیواتر ئه‌كه‌ن.

چیرۆكی ئه‌و پیاوه‌ ته‌مه‌ن 36 ساڵه‌ی دوای ده‌رچوونی 5 رۆژ له‌نه‌خۆشخانه‌ به‌ ئومێدی چاكبوونه‌وه‌، كه‌چی له‌ناكاو دوێنی 4ی مارچ به‌هۆی گیرانی ته‌نگه‌نه‌فه‌سییه‌وه‌ خنكا. ئه‌م رووداوه‌ و چه‌ندین رووداوی تریش له‌ دوو رۆژی رابردوودا حكومه‌تی چین-ی سه‌رله‌نوێ به‌ئاگاهێنایه‌وه‌.

لی لیانگ رۆژی 12 ی فێبریوه‌ری له‌ ژنه‌كه‌ی كه‌ به‌ (می) ناسراوه‌ جیاده‌كرێته‌وه‌ و 14 رۆژ له‌ژێر چاودێری وردی پزیشكیدا ده‌بێت، به‌ڵام كاتێك رۆژی 29 مانگ نه‌خۆشخانه‌ جێده‌هێڵێت تێكڕای پشكنیینه‌كانی ده‌ریده‌خات كه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر نه‌ماوه‌.
خێزانه‌كه‌ی ده‌ڵێت:”دوای 3 رۆژ له‌ هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌، ئه‌یوت، ده‌مم وشك ئه‌بێت، چوین بۆ نه‌خۆشخانه‌، دڵنیان كردینه‌وه‌ له‌وه‌ی هیچ ئاسه‌وارێكی كۆرۆنا ڤایرۆسی له‌سه‌ر نه‌ماوه‌، كه‌چی بۆ رۆژی دوایی گیانی له‌ده‌ستدا”.

كاتێك لیژنه‌ی پزیشكی وۆهان لێكۆلینه‌وه‌ له‌مردنه‌كه‌ی ده‌كه‌ن، تێده‌گه‌ن كه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ له‌ جه‌سته‌یدا.

تشن یی شین به‌رپرسی حزبی شیوعی چین له‌ وۆهان به‌ رۆژنامه‌كه‌ی وتووه‌ كه‌ شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ ڤایرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌، “تائێستا ژیان له‌ شاره‌كه‌ زه‌حمه‌ته‌ و پێویستمان به‌رێوشوێنێكی توندتر هه‌یه‌” وه‌های وت.

ڕۆژی 5ی مارچ، 151 كه‌س زیاتر له‌ رۆژانی رابردوو له‌ چین تووشی نه‌خۆشییه‌كه‌ بوون، بۆیه‌ حكومه‌ت بڕیاریدا بۆ پاراستن و سه‌لامه‌تی پێویسته‌ فه‌رمانبه‌ران و كرێكار و ته‌واوی ده‌وڵه‌ت به‌ ده‌مامكه‌وه‌ ده‌وام بكه‌ن.